نمایشە سەربازیەكەی حزبی سۆسیالیست یاسایەك دەخاتەوە بەرباس

10/08/2018 محەمەد حەسەن
نەوا- 
ئەو نمایشە سەربازیەی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە 42 هەمین ساڵیادی خۆیدا ئەنجامی دا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سۆسیالیست لە شەڕی داعشدا خۆی سەلماندووە و باشتر وابوو ئەو نمایشەی نەكردایە، ئەندامێكی تری پەرلەمانی كوردستان ئەو كارە بە هەڵەیەكی گەورە ناودەبات و دەشڵێت، بە پێی یاسایەكی كوردستان ئەو حزبانەی هێزی چەكداریان ماوە، بە یەكێتی و پارتیشەوە نایاسایین.
رۆژی چوارشەممە 8 ی ئاب، هاوكات لە گەڵ 42 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئەو حزبە نمایشێكی سەربازی لە گوندی گوڵەخانە ئەنجام دا، كە لەسەر ئاستی شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرەوڕووی رەخنە و خوێندنەوەی جیاجیا بوەوە.
عەبدوڵا حاجی مەحمود، بەرپرسی دەستەی كاڕگێری مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا رایگەیاند: ئەوەی روویداوە نە مانۆڕ بووە نە نمایشی سەربازی، بەڵكوو دەرخستنی پاشماوەی تێكۆشەرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و پێشمەرگەكانی حزبی سۆسیالیت بووە، هەم لە قۆناغی بەرگری لە خاك و خەڵك، لە قۆناغی خەباتی رزگاری نیشتمانی، هەم لە قۆناغی شەڕی داعش، بۆ دەرخستنی یادەوەریەكان و چالاكیەكانی ئەو حزبە بووە.
وتیشی، راگەیاندنەكان زیاتر لایەنی سەربازی چالاكیەكانی ساڵیادەكەیان بەرجستەكردۆتەوە ، چوونكە لەسەرتاسەری كوردستان، لە زاخۆوە تا كەلار و كفری و هەڵەبجە و رانیە و قەڵادزێ، چالاكیان هەبووە بۆ یادكردنەوەی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكرات.
لای خۆیەوە ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەر لە میانی ئەو بەرنامەیەدا بڕوای خۆی نیشادا بەوەی كە، ئەگەر نمایشە سەربازیەكەی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان مەرامێكی سیاسی و حزبی لە پشتەوە نەبێت، هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش پێی باشترە كە ئەو كارە نەكرایە، بەهۆی ئەوەی ئەو حزبە لە شەڕی دژ بە داعش سەلماندووە و پێویستی بە نمایشی هێز نییە.
لەهەمان كاتدا ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، كە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین كە ببین بە دەوڵەت، ئەمەش پێویستی بە راكێشانی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە و بۆ ئەوەش پێویستە هێزەكانمان یەك بخەین، چوونكە بە پێچەوانەوە دەبێت بەردەوام چاوەڕێی شەڕی ناوخۆ بكەین و چاوەڕێی ئەوە بین كە كام حزب بە هێز خۆی بەسەر ئەوی تردا دەسەپێنێت، ئەمەش كێشەیە لەبەردەم راكێشان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتیدا.
 هەر لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا، ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رەخنەی توندی لەو هەنگاوەی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان گرت و بە هەڵەی گەورە ناویبرد و وتی: ئەگەر من لە جیاتی ئەو حزبە بوومایە، لە رۆژی دامەزراندنمدا مەكتەبی سەربازیم هەڵدەوەشاندەوە و هێز و چەكەكانم دەخستە سەر وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و وەك هێزێكی مەدەنی دەمامەوە.
هەڵەدنی ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای ژمارە 17 ی ساڵی 1993 لە مادەی چوار و لە خاڵی 3 و 4 و 5 دا هاتووە هەر حزبێك كە مۆڵەت وەردەگرێت، دەبێت بە شێوەیەكی دیموكراتیانە چالاكی خۆی بكات و بەهیچ شێوەیەك پەنا بۆ ئەو شتانە نەبات كە پێیان دەوترێت توندوتیژی یان دەبنە هۆی دروستكردنی ترساندن.
رونیشیكردەوە، هەر لە مادەی 15 ی ئەو یاسایەدا بە روونی هاتووە، كە نابێت بەهیچ شێوەیەك حزبی سیاسی ئۆرگانی سەربازی و نیمچە سەربازی هەبێت و بە هەموو شێوەیەك چەك لە دەستی حزبدا قەدەغە كراوە.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردەوە، كە لە مادەی 19 ی یاسای ژمارە 17 ی حزبەكاندا كە لە ساڵی 93 دەرچووە و "یاسایەكی باشە" ئەوەش هاتووە، "پێویستە سەرجەم حزبەكان، لە ماوەی سێ مانگ دا خۆیان لەگەڵ دۆخی ئەم یاسایەدا بگونجێنن، ئەگەر خۆیان نەگونجاند بە حزبی هەڵوەشاوە لەقەڵەم دەدرێن، ئێستا بەو پێیەی بێت، یەكێتی و پارتیش حزبی یاسایی نیین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group