داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت پاشماوه‌ى ئاگر له‌سه‌یرانگاكان به‌جێ نه‌هێڵن

14/08/2018

نه‌وا – سالم سه‌لیم 

به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى بیاره‌ ده‌ڵێت "هه‌رچه‌نده‌ له‌ سنورى ناحیه‌كه‌دا  بنكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌ نییه‌ و ژماره‌ى كارمه‌ندانمان وه‌ك پێویست نین، به‌ڵام له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامداین بۆ رێگرتن له‌ سوتانى دراستان و ژینگه‌ى سنوره‌كه‌و"، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، هاووڵاتیانى ئه‌و سنوره‌ وه‌ك پێویست هاوكاریان ناكه‌ن له‌ كاتى رودانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا.
سه‌یوان حه‌مه‌ ساڵح به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى بیاره‌ بۆ رادیۆى نه‌وا وتى "سه‌ربارى گرفتى نه‌بوونى كارمه‌ندى پێویست و هه‌روه‌ها نه‌بوونى بنكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ سنورى ناحیه‌ى بیاره‌، له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدان بۆ رێگرتن له‌ شێواندنى سیماو جوانى سروشتى ئه‌و سنوره‌ و تا ئێستا چه‌ندین پێشێلكاریان روبه‌روى دادگا كردۆته‌وه‌"، ئاشكراشیكرد، ئه‌مساڵ 11 حاڵه‌تى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سنورى بیاره‌ رویانداوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ روبه‌رێكى زۆر له‌ پاوان و دارستان ئه‌و ناوچه‌یه‌ سوتاون.
به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى بیاره‌ بۆ رادیۆى نه‌وا وتى "داوا له‌ هاووڵاتیان و گه‌شتیاران ده‌كه‌ین پابه‌ندى رێنماییه‌كانیان بن و له‌دواى گه‌شت و سه‌یرانه‌كانیان، پاشماوه‌ى ئاگر به‌جێ نه‌هێڵن و بیكوژێننه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگرى گه‌وره‌ له‌و ناوچه‌ سه‌ختانه‌دا، كه‌ به‌ ئاسانى كۆنترۆڵ ناكرێت".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group