لە بۆردومانەكەی شنگالدا بەرپرسێكی باڵای پەكەكە شەهیدبوە

15/08/2018

نەوا – ئەحمەد زەیدی – موسڵ

بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە، 7 شەڕڤانی كورد لە شنگال شەهیدبون، كە یەكێكیان زەكی شنگالی ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" و فەرماندەی پەكەكەیە لەو ناوچەیەدا.
لەوبارەیەوە فەهد حاتەم قائیمقامی شنگال بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكردوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیانە كاتژمێر 5ی ئێوارەی چوارشەممە 15-8، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی دوو پێگە و كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال "یەبەشە"یان كردوە لە دۆڵی شیلۆ لەسەر رێگای سەرەكی قەزای شنگال –ناحیەی شیمال و لە ئەنجامدا دوو ئۆتۆمبێل تێكشكاون.


هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لە یەبەشە، كە نەیویستوە ناوی بهێنرێت، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، زەكی شنگالی ناسراو بە (مام زەكی) لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا شەهیدبوە.
یەبەشە باڵی سەربازیی پەكەكەیە و پاش روداوەكانی 2014 و دەستبەسەرداگرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە، لە چیای شنگال دروستبوە و مام زەكی سەرپەرشتیاری رێكخستن و گەریلاكانی هێزەكە بوە، رۆژی چوارشەممەش لە كاتی گەڕانەوەی لە رێوڕەسمی ساڵیادی كۆمەڵكوژی گوندی كۆچۆ، لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە كراوەتە ئامانج.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group