چەند پێشنیارێك بۆ چۆنێتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەخرێتە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵ

پێش 3 هەفتە

نەوا-
هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بازرگانی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدا چەند پێشنیارێك دەكەن بۆ چۆنێتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.
بێگەر تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بڵاویكردۆتەوە، بەهاوڕێیەتی كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كۆبوینەوە تایبەت بە رێككارەكانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، دوای گۆڕینەوەی بیروڕاكان و خستنەڕوی سەرجەم زانیاری و داتاكان، پێشنیارمانكرد دەبێت بەهەمان رێككاری ناوەڕاست و خواروی عیراق مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی كوردستان بكرێت و گەنمی جوتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبازاڕكردنی سایلۆكانی عیراق پێویستە وەربگیرێت.
ئاماژەشیكردوە، لیژنەی تەكنیكی لەنێوان هەردولادا سەرجەم رێككارەكانی پێویست بۆ چۆنیەتی وەرگرتن و بەبازاڕكردنی گەنم یەكلایی دەكەنەوە، هەفتەی داهاتوش دوبارە كۆبونەوە ئەنجامدەدەن بۆ تەواوكردنی رێككارەكان لەپێناو زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group