لەشاری بەغدا كۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بەخشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بەڕێوەچو.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، بەئامادەبونی شاندی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بەخشتەكانی یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەسەرپەرشتی محەمەد تەمیم جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری پلاندانان و ژمارەیەك لە وەزیران و بەڕێوبەرە گشتیەكانی وەزارەتی دارایی عیراق بەڕێوەچو.
راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك دۆسیەی تایبەت بەهەرێمی كوردستان و رێكارەكانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕكردنی تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێمی كورستان لەناو خشتەكانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە كراو لە هەردولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و پۆزەتیڤ هەبو بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی رابردو دروستبو بو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەكانی یاسای بودجە بەجۆرێك هەموار بكرێنەوە كە ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا پارێزراو بێت. هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا هاوڕابون لەسەر دانانی میكانیزمێك بۆ رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عیراق.