موقتەدای سەدر وەك ڤایرۆس... شوێنكەوتوانی وەك ڤایرۆسپەرست

مەریوان وریا قانع

23/03/2020

ئەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە (مەبەست ڤیدیۆی تایبەت بە گردبوونەوەی لایەنگرانی سەدرە لە مەراسیمێكی ئاینیدا سەرەڕای هۆشداریدانەكان لەبارەی كۆرۆناوە) نیشانیدانی دەركەوتە دینییەكەی ئەو كارەساتە گەورەیەیە، كە عێراقی ئەمڕۆی تیادا نووقم بووە. موقتەدای سەدر مناڵێكی نەزان و سەرڕۆی ئایەتوڵایەكی دینییە. لە باوكییەوە سەرمایەیەكی دینیی گەورەی بۆ ماوەتەوە و لە دوای كەوتنی سەدامەوە خاوەنی سوپا و میلیشیای تایبەت بە خۆیەتی كە هەرجارە و لەژێر ناوێكدا ڕێكیاندەخات و كاریانپێدەكات. سەرێكە لە سەرەكانی ناو ئەو چەند خێزانە دینییە سیاسییە شیعەیە، كە هەریەكێكیان ئەمڕۆكە بەشێك لە دەسەڵات و سامانی عێراقی لەژێر دەستدایە. ئەم میلیشیایەی موقتەدای سەدر خۆی بەسەدان و هەزارانیان لێكوژراوە و بەسەدا و هەزارانیشیان كوشتوە.
زۆرینەی شوێنكەوتوەكانی سەدر كەسانی كەم دەرامەت و هەژار و پەراوێزخراوی ناو كۆمەڵگای عێراقین. ئینتیما بۆ دین و ئینتیما بۆ خێزانێكی دینیی سیاسیی تەواو ئالودەی كردون و هۆشیارییەكی تەواو شێواو و ناهۆشیاریی بەسەردا سەپاندون. ئەم هەوادارانە كە لەم ڤیدیۆیەدا و لەم كارەساتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایەدا بچووكیی و ملكەچیی خۆیان بۆ سەدر دووبارەدەكەنەوە، نیشانیئەدەن عێراق لەناو چ كارەساتێكی دینیی و سیاسیی و كولتوریدایە.
ئەم فۆرمەش لە دینداریی، كە لەسەر دروستكردنی قەرەباڵغیی و حەشامەت كاردەكات، كە دین لە هەموو ڕەهەندێكی ڕۆحیی و تاكەكەسیی دادەبڕێت، هەمان ئەو فۆرمە شانۆیی و نمایشگەرانەی دیندارییە كە لە ئێستادا لە بەشێكی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەیە.
لەم قەرەباڵغیەدا دین لە باتی ئەوەی پەیوەندییەكی ڕۆحیی و ئەخلاقیی بێت لە گەڵ خودای ئیماندارەكاندا، نمایشی تەسلیمبوونە بە سەرۆكێكی دینیی. "بەشانۆكردنی دینداریی" ئاكاری سەرەكیی دینداریی بەشێكی گەورەی هێز و تەوژم و فێرگە دینییەكانی ئەمڕۆن. لەمەشدا خۆدەرخستن وەك ئایندارێكی ڕاستەقینە، وەك هەوادارێكی سەرسەخت، ئاكاری سەرەكییە، نەك ڕاوەستان لەبەردەم خودایەكدا كە لە ئاسمانەوە سەیری ئیماندارەكانی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group