كێ لە پیسبونی ژینگەی سلێمانی بەرپرسە؟!

مەعرووف مەجید

03/12/2023
نامەیەك بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەڕێز قوباد تاڵەبانی.

لە كاتێكدا ئەم چەند دێڕە بۆ بەڕێزتان دەنووسم، وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، وەزیری كشتوكاڵ، نوێنەرانی دەستەی ژینگە، لە وڵاتی ئیمارات بەشدارن لە كۆنفڕانسی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی كەش و هەوا، cop28.
ئامانج لە چوونی ئەو وەفدە سوود وەرگرتنە لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنفڕانسەكە، بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ بەدرێژایی ڕۆژ، ئاسمانی شاری سلێمانی، ئەو شارەی هەمووان شانازیمان پێوە دەكرد، كە پاكترین و سەوزترین شارە لەسەر ئاستی عێراق، ناشیرینترین سیمای هەبوو بە تایبەتی ژینگەی بینین و پیسبوونی هەواكەی. 
ئاخۆ هەمووان كە دەپرسین بۆچی ڕۆژانە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی نەخۆشخانەی هیوا ڕوو لە زیاد بوون دەكات،   بەڵام كەسمان بەدوای هۆكارەكەیدا ناگەڕێین، ئاخۆ لە بەرپرسانی شارت پرسیوە چۆن دەكرێ زبڵ و خاشاكی شارێك كۆبكرێتەوە و دواتر جارێكی تر دووكەڵەكەی بێتەوە ناوشار، دەكرێ زەوی شار پاك بكرێتەوە، بەڵام ئاسمانەكەی و هەواكەی پیسبكرێت، ئاخۆ پرسیوتە چۆن دەبێ ناوچەی تانجەڕۆ، كە چەند كیلۆمەترێك لە سەنتەری شارەوە دوورە ئەو هەموو كارگەیەی لێدروست بكرێت و دووكەڵەكەی بێتەوە ناو شار؟
ئەم نامەیە، كە بۆ بەڕێزتان دەنووسم، هەمووان لەوە دڵنیاین، كە چ وەك جێگری سەرۆك وەزیران و چ وەك كوڕی مام جەلال، سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق، ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوت لە ئیدارەی سلێمانیدا هەیە، ئەگەرنا ئەم نامەیەم ئاڕاستەی سەرۆكی كابینەی نۆیەم دەكرد. 

چارەسەری ئەم گرفتە هێندە گران نیە، تەنها پێویستی بە بڕیارێكی بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەیە، كە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبكەیتەوە و لێپرسینەوە لەو كەسانە بكەی كە كەمتەرخەمن، ناكرێ بۆ بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێك شارێك و دانیشتوانەكەی بكرێنە قوربانی.
داواكارم لە بەڕێزتان، لە بری سپاردنی بابەتەكە بە لیژنە، بەڕێزتان سەردانێكی مەیدانی شوێنەكە بكەن و ئاستی مەترسییەكانی ببینن.
وەكو ژینگەدۆستێك و سەرۆكی ڕێكخراوێكی ژینگەی بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین گرفت و كەموكوڕییەكانی ژینگە بخەینە بەرچاوی بەرپرسان، ئێمە چارەسەری كێشەكەمان لا گرنگترە بۆیە لە ڕێگەی ئەم نامەیەوە داواكارییەك بۆ بەرژەوەندی گشتیی و لە پێناو سلێمانی و خەڵكەكەی ئاڕاستەی بەڕێزتان دەكەین، وەكو باڵاترین بەرپرسی حكومەت لە سنوورەكەدا.
 لە ئێستاوە چاوەڕوانی بەدواداچوون و بڕیارەكانی بەڕێزتانین.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group