لەبارەی‌ مزگەوت‌و پەرستگەوە لە كوردستان ئەمە راستیەكەیە

عومەر گوڵپی

26/02/2024

عومەر گوڵپی
لە ساڵی‌ (٢٠١٠) تا ساڵی‌ (٢٠٢١) ژمارەی‌ ئەو مزگەوتانەی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان دروستكراون بریتین لە (١١٣٦) مزگەوت، لەو ژمارەیە تەنها (٤٩) مزگەوتیان لەسەر بودجەی‌ گشتی‌ دروستكراون كە دەكاتە تەنها (٤%)ی‌ كۆی‌ مزگەوتی‌ دروستكراو ئەوەش لە كابینەی شەشەم و حەوتەم بووەو هیچیان لەسەردەمی كابینەی هەشتەم و نۆیەم نەبوون،  (١٠٩٧) مزگەوتەكەی تر كە دەكاتە ڕێژەی (٩٦%)ی كۆی مزگەوتی دروستكراو لەو دە ساڵەدا لەسەر ئەركی خێرخوازان دروستكراون، لە كاتێكدا مزگەوتەكان‌و ئەوقاف خۆیان داهاتێكی‌ زۆریان هەیە.
لە ساڵی‌ (٢٠١٠ تا ٢٠٢١) دوو كەنیسەو یەك سەنتەری‌ ڕۆشنبیری‌ بۆ مەسیحیەكان دروستكراون، هەر دوو كەنیسەكەو سەنتەری‌ ڕۆشنبرییەكە لەسەر بودجەی‌ گشتی‌ دروستكراون، واتە ڕێژەی‌ (١٠٠%)ی‌ كەنیسەی‌ دروستكراو لەسەر بودجەی گشتی بووە.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لەسەر بودجەی گشتی (١٠) پەرستگەو نیشانەی ئێزیدییەكان نۆژەنكراونەتەوە، واتە لە (١٠٠%)ی ئەو كارانەی بۆ پەرستگەی ئێزیدییەكان كراوە لەسەر بودجەی گشتی بووە.
هاوشێوەی دەرچووانی تری زانكۆ، حكومەت زۆر كەمتەرخەمە بەرانبەر دەرچووانی زانستە شەرعییەكان و زانستە ئیسلامییەكان و كار بۆ دامەزراندنیان ناكات لە كاتێكدا پێویستی هەیە، بەجۆرێك لە كۆی (٣٢٦٧) مزگەوت كە نوێژی‌ هەینیان تیادا ئەنجام دەدرێت نزیكەی (١٣١٢) مزگەوتیان وتاربێژەكانیان خۆبەخشن و حكومەت كاری‌ نەكردووە بۆ دامەزراندندنی وتاربێژ بۆ ئەو مزگەوتانە نە بە هەمیشەیی نە بە گرێبەست.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەیان وتاربێژی ناسراوو دیارو پەسەندی نوێژخوێنان لە وتاربێژی دوورخراونەتەوە، زۆرینەی لێپێچینەوەو دوورخستنەوەكانیش بەهۆی ڕەخنەی ئەو مامۆستایانە بووە لە حكومەت و لایەنەكانی دەسەڵات.
لە ڕاستیدا كابینەی نۆیەم نەوەك مزگەوتی دروست نەكردووە، بەڵكو نەخۆشخانەو قوتابخانەشی دروست نەكردووە!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group