كۆمەڵگەیەكی توڕە و شەڕانی

بەختیار شاخی

09/06/2018

زۆر ڕێی تێدەچێ ناوی عێراق لە عێڕاكەوە هاتبێ، كە بە مانای پێكدادان و شەڕ و ململانێ دێت. ڕابردو و ئێستای ئەو وڵاتە تژییە لە شەڕ و پێكهەڵنەكردن و ململانێی خوێناوی. وەك باقر یاسین، لە كتێبی "تاریخ العنف الدموی فی العراق" باسی دەكات، ئەو خەسڵەتە شەڕەنگێزییە، هەر پەیوەست نییە بە دەوڵەتی عێراقەوە، بەڵكو بۆ سەدان ساڵ پێش دەستپێكی مێژووی زایینی دەگەڕێتەوە.
كە سەیری كۆمەڵگەی عێراقی دەكەی، دەڵێی توڕەیی و خەمۆكی و یەكتر قبوڵنەكردن و هەڵچوون و شەڕەنگێزی، وەك خەسڵەتێكی بۆ ماوەیی، لە DNAـی مرۆڤی ئەو ناوچەیەدا جێی خۆی كردۆتەوە و دیار نییە تا كەی دەمێنێتەوە. بۆیە ئەگەر بەو كۆمەڵگەیە بڵێین "كۆمەڵگەی دڕ" زێدەڕۆیی نییە.
ئەو خەمۆكی و توڕەیی و شەڕانییە، تایبەت نییە بە كەسانی دەسەڵاتدار و بەهێز، تەنانەت شۆڕبۆتەوە بۆ ناو خێزان. لەوەش وردتر، جێی سەرنجە كە ئەو خەسڵەتە بەسەر خۆشەویستییشدا زاڵە. دەڵێی نا؟ دەكرێ دوو دڵدارم پێشان بدەی كە شێت و شەیدای یەكتریشن كەچی لە هەفتەیەكدا لانیكەم جارێك، پێك هەڵنەپژێن و شەڕ نەكەن؟ كە ڕق بەسەر خۆشەویستیدا زاڵ بێت، مانای وایە ڕقەكە ڕەگی هەیە و خۆشەویستییەكە پێی ناوێرێت.
بەداخەوە، وەك بڵێی ڕژێمە بەزۆر خۆسەپێن و ئینقلابچییەكانی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتەش بەجۆرێكی نەخشەبۆداڕێژراو كاریان لەسەر كردبێت، ئەو توڕەیی و یەكترقبوڵ نەكردن و شەڕەنگێزییە، تاكە شتێكە كە بە یەكسانی بەسەر هەموو جیوگرافیای ئەو وڵاتەدا دابەشكراوە. لەوەدا، ئەگەر ئێمەی كوردستانی خۆشمان بە عێراقی نەزانیبێ، بە زانین و نەزانینەوە، خۆمان داوەتە دەست ئەو خەسڵەتە و لەسەری دەڕۆین و بووینەتە بەشێك لە عێراقی پڕ لە عێراك. 
دەبێ ددان بەو ڕاستییەدا بنێین، سەرەڕای ئەوەی كە لێبوردەیی و پیكەوەژیان ڕووی گەش و زاڵی بیندراوی كۆمەڵگەی كوردستانییە، بەڵام هەوڵی زۆر هەیە تا توڕەیی و ڕق بەسەر ئارامی و خۆشەویستی و لێبوردەییدا زاڵ بێت. مەلا توڕەیە و بەخەڵك دەڵێ ژیانتان خۆش نەوێت و بە وتاری ئاگرین، خەڵك بۆ لێدان و تێكدان و سووتان هان دەدات، مامۆستا توڕەیە و جنێو بە پۆلیس دەدات و دەرگای خوێندنگە دادەخات، قوتابی توڕەیە و چەقۆ لە مامۆستا دەردێنێ، نووسەر توڕەیە و رق بڵاودەكاتەوە، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، وێبسایتەكان، فەیسبووك و هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەندەی ڕق و توڕەیی بڵاودەكەنەوە، لەسەدا دووی ئەوە، باسی ئومێد و ژیانی ئارام ناكەن. بۆیە بۆ هەرجێیەك دەچین كەمتر كەسانی ڕووخۆش دەبینین، كەمتر دەبینی كەسێك ئاسوودە بێت. دوكاندار، كە دەبێ ڕووی گەش و خوێنشیرین و زمانلووس بێ تا كڕیار بە دەستی بەتاڵ نەچێتە دەرێ، كەچی بەسەری زمان وەڵامی كڕیار دەداتەوە و كە كڕیار گلەییش بكات، دوكاندار بێمنەت وەدەری دەنێ و دەڵێ بڕۆ لەجێی دی بكڕە! شوفێر توڕەیە و بە ڕقەوە سەیری شوفێرەكانی دی و كەسانی پیادە دەكات و زبڵ فڕێ دەداتە سەر شەقام، پیادە توڕەیە و بەدەم ڕۆیشتنەوە لقی دارێكی سەر شەقامەكە دەشكێنێ، پیاو توڕەیە و ژن دەكوژێت، ژن توڕەیە و خۆی دەسوتێنێت، گەنج توڕەیە و باوكی دەكوژێت. دەوڵەمەند و هەژار، خوێندەوار و نەخوێندەوار، ڕۆشنبیر و عەوام، گەنج و پیر، ژن و پیاو، گەورە و بچووك، هەموو بێ حەوسەلە و توڕەن.
خوێنەری بەڕێز، تۆ هەوڵ بدە ئەگەر سەرنجێكت هەیە، بێ توڕەبوون، دەری ببڕە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group