دوندی (ترامپ- كیم)ی میژوو وه‌رچه‌رخێن!
سه‌ره‌نجام، سه‌رۆكی ئه‌مریكاو سه‌رۆكی كۆریای باكور دوای (65) ساڵ لێكدابڕان، له دوندی سه‌نگافوره‌دا، پێكگه‌یشتن.
دوای جه‌نگی دووه‌م، جه‌نگ له‌نێوان كۆریای باشور‌و باكور هه‌ڵایسا. ئه‌مریكاو سۆڤیه‌ت‌و چین‌و رۆژئاوا تێكڕا، كه‌وتنه ناو جه‌نگه‌كه‌وه. له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بوو. یه‌ك ملیۆن قوربانی دران. چه‌كی كیمیاوی‌و گازی جۆراوجۆر به‌كارهێنران. كۆریا، دابه‌شێنرا. له‌وساوه، باشوره‌كه‌ی گه‌شه‌ی كرد‌و باكوره‌كه‌ی دواكه‌وت. باشور، دیموكرات‌و ده‌وڵه‌مه‌ندو پێشكه‌وتووه. باكوریش، به‌حساب ئاڵای سوری ده‌شه‌كێته‌وه‌و چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌یه. به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی برسین. ته‌نانه‌ت سه‌رۆكه‌كه‌یان داوا ده‌كات پاره‌ی ئوتێله‌كه‌ی بۆ بدرێ.
مێژوو، ئاوها وه‌رده‌چه‌رخێ. چه‌پ‌و گه‌لانی ئازادیخواز له‌گه‌ڵ باكوریه‌كان بون. دیموكراتخوازه‌كانیش له‌گه‌ڵ باشور. كه‌چی سۆسیالیسته‌كان ده‌بنه دیكتاتۆر‌و دیكتاتۆره‌كه‌شیان كوڕ‌و نه‌وه‌كانی ده‌بێته جێ‌نشین. سه‌رمایه‌داره‌كانیش، ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست ده‌كه‌ن.
كۆریای باكور، وه‌كو وڵاتی چینی كردبا، تێچوی چه‌كی ئه‌تۆمی له زانست‌و بازاڕی ئازاد بخستایه‌ته‌گه‌ڕ، ئێستا وه‌كو سه‌نگافوره ده‌بوو. كه پاره‌ی ئوتێلی سه‌رۆكی كۆریا دابین ده‌كه‌ن!!
چه‌په‌كان، له په‌نجاو شه‌سته‌كاندا، پشتیوانی باپیره توتالیتار (كیم ئیل سۆنگ)مان ده‌كرد، به‌ڵام مێژوو رۆمانسیه‌تی ئایدیۆلۆژی قوتنادات. كاتی خۆی كاك نه‌وشیروان‌و حیلمی عه‌لی شه‌ریف‌و شه‌هید ئارام، نامیلكه‌كانی كیم ئیل سۆنگیان وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی، ناوبراو خه‌ڵاتی بۆ ناردن. ئێستاش، رۆژگار گۆڕا، ئه‌و نامیلكانه سودیان نه‌ما. مرۆڤایه‌تی خواخوایه‌تی، كۆریای باكور، وه‌كو كۆریای باشوری دیموكراتی لێبێت.
كۆبونه‌وه‌ی (ترامپ- كیم جۆن ئون) مێژوویه‌كی نه‌خوازراو جێدێڵێ‌و سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێش ده‌ستپێده‌كات.. با بزانین وایه؟
شەپۆلەکانی نەوا