بڕینی قوتی خەڵك لەژێر پەردەی چاكسازیدا

گەشە دارا حەفید

12/06/2018

دوای ئەو قەیرانانەی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەژێر پەردەو بیانووی جیاجیاوە رووبەڕووی خەڵكیان كردەوە، بۆ درێژەدان بەو سیستەمە حوكمرانیەیان سیستەمی پاشەكەوتی موچەیان داهێنا، لەسایەیدا ماوەی دوو ساڵە مانگانەو جاری وا هەیە بە دوو مانگ چارەكە موچەیەك بە فەرمانبەران دەدەن. دواتریش بۆ شەرعیەتدان بەم سیستەمی بەناو پاشەكەوتەیان، بۆئەوەی جێگیری بكەن، پرۆژەیەكیان بەناوی چاكسازییەوە بۆ پەرلەمان نارد، سەرباری ئەوەی كۆمەڵێك خاڵی ئیجابی لە پرۆژەكەدا هەبوو، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانیش (ئەگەر حكومەت جورئەتی هەبوایە) دەیتوانی جێبەجێیان بكات (وەك: بڕینی موچەی نایاسایی، موچەی ئەو پلە بالایانەی پۆستەكانیان نەبینیوە، بڕینی موچەی دووبارەو چەند بارە و لادان و كەمكردنەوەی لەشكرە پاسەوانی بەرپرسان و ...هتد)، بەڵام حكومەت نەك بەخۆی نەیكرد و ئەو دەسەڵاتەی خۆی پیادە نەكرد و بۆ پەرلەمانی نارد، جگە لە بێ جورئەتی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نایاساییانەی خۆی دەری كردبوون، دەیویست لەژێر پەردەی چاكسازیدا سیستەمی پاشەكەوتی موچە بەیاسایی بكات، ئەویش لەڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران و موچەی زیندانیانی سیاسی و بەشێك لە كەسوكاری شەهیدانەوە، ئەم دەسەڵاتە لە دوای (ریفراندۆمەوە) كە تا سەر ئێسقان خۆی بە عیراقی دەزانێ‌ و هەرگیز وەك ئێستا پێشبڕكێی خۆ بەعیراقی بوونیان نەكردووە، كەچی ئامادەیی ئەوەیان نیە كەمترین موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عیراقدا هاوتا بكەن!
دوای ئەوەی حكومەت پرۆژەكەی ناردە پەرلەمان و پەسەند كرا، (بەو تێبینیانەشەوە كە هەم خەڵك و هەم بەشێك لە ئێمەی پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران هەمانبوو)، دوای پەسەندكردنی لە پەرلەماندا، یاساكە گەڕێنرایەوە. دوای رەتكردنەوەی جارێكی تر لە رۆژی (4-6-2018) لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و داراییەوە راپۆرتی لەسەر نوسرا، كەچی لەبەرئەوەی بەدڵی حكومەت نەبوو، بەبیانووی جیاجیاوە چەند ئەندامێك واژۆكانیان پێ لەسەر راپۆرتەكە كێشرایەوە، راپۆرتی لیژنەكان سەرەنگوم كرا، كە لەمێژووی پەرلەماندا نەریت و عورفی ئابڕووبەرانەی نایاسایی لەم جۆرە نەبووە. بەناچاری دووبارە رۆژی (11-6-2018) لیژنەكانی یاسایی و دارایی كۆبوونەوەو سێ بارە راپۆرتمان نوسیەوەو سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بانگهێشتی ئەندامانی كرد تا لە رۆژی (12-6-2018) دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی یاساكە ئەنجام بدرێت، بەڵام دیسانەوە لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەپێشنیارەكانی لیژنەكان كە لەراپۆرتەكەدا هاتبوو، رازی نەبوون و خواستەكانی ئەوانی نەهێنابوەدی، تەنها دوای یەك كاتژمێر لە كۆبوونەوەی لیژنەكان و نوسینی راپۆرتەكە، فشاریان خستەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان و ناچاریان كردن كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دوابخەن!
مەبەستی سەرەكی حكومەت لەو فشارەی ئەوەیە كە داوا لەپەرلەمان دەكات دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت و كەمترین موچەی خانەنشینیش لەگەڵ خانەنشینانی عیراقدا هاوتا نەكات و داوای لابردنی سیستەمی پاشەكەوتی موچە نەكات، بەكورتی حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی پەرلەمانەوە پاشەكەوتی موچە بەیاسا جێگیر بكات.
بەندە بەش بەحاڵی خۆم، كە ئەندامی لیژنەی یاساییم، هەم پێشتر و هەم لەو دوو كۆبوونەوەیەشدا، كە هەم لە كۆبوونەوەكان داوام كردووەو لە پرۆتۆكۆل تۆماركراوەو هەم لەسەر راپۆرتەكانیش كە واژۆم كردووە خۆپارێزی (تحفظ)م نوسیوە لەو مادانەی لەگەڵی نەبووم یا ئەوانەی داوامكردووەو جێگیریان نەكردووە، كە بەڵگەكان لەبەردەستن. رام لەسەر پرۆژەكە بەمشێوەیە بووە:
1-ئەو موچانەی نایاسایین ببڕێن و فەرمانبەرانی راستەقینە كە خزمەتیان هەیە لە خەڵكانی تری ناشایستە جیابكرێنەوە.
2-بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ پەردەو بیانوێكدا دەرماڵەی فەرمانبەران نەبڕدرێت.
3-كەمترین موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا بكرێت لەگەڵ خانشینانی عیراقدا كە (400.000) چوار سەد هەزار دینار كەمتر نەبێت.
4-موچەی پەرلەمانتارانی خانەنشین رێكبخرێت (بەوەی كەم بكرێتەوەو پێوەری بۆ دابنرێت)، وەك عیراق ئەوانەی تەمەنیان سەرووی (50) ساڵە و (15) ساڵ خزمەتیان هەیە خانەنشین بیانگرێتەوە (بەمەرجێك لەدیاریكردنی بڕی موچەكەدا عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت) و ئەوانەیش كە تەمەنیان خوار (50) ساڵەو خزمەتیان تەواو نییە بڕێك موچەی دیاریكراویان بۆ ببڕدرێتەوە تا ئەوكاتەی دەگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووتریان.
5-سیستەمی پاشەكەوت هەڵبگیرێت و ئەو بڕە پارەیەش كە بەناوی پاشەكەوتەوە لەفەرمانبەران بڕاوە لە دوو ساڵی رابردوودا، بۆیان بخرێتەسەر حیسابێك و بەفەرمی لەسەر حكومەت ماڵ بێت، (هەر لەم سۆنگەیەوە لە كۆبوونەوەی رۆژی (4-6-2018) پێشنیاری دانانی مادەیەكم كرد كە حكومەت مولزەم بكرێت بەهەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە، بەسوپاسەوە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی هەردوو لیژنەوە پێشنیارەكەم وەرگیراو پشتگیریكراو لە راپۆرتەكەدا نوسرا، تاكو وەك مادەیەك لەیاساكەدا زیادبكرێت و بچەسپێت).
بەڵام بەداخەوە، دوای ئەم هەموو هەوڵ و كێشمەكێشە، دوای دەیان كۆبوونەوەی لیژنەكان و دانیشتنەكانی پەرلەمان و بانگەشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان و خودی حكومەتیش، خەریكە پرۆژەكە لەباربچێت، چونكە حكومەت دەیەوێت مەبەستەكانی لەڕێگەی پەرلەمانەوە جێبەجێ بكات كە خۆی لە بەیاساییكردنی پاشەكەوتی موچەی خەڵكیدا دەبینێتەوە، بەڵام تا ئێستا زۆرینە لە پەرلەمان رازی نین لەسەری و بەئاسانی بۆی تێناپەڕێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لەساتی بڕیاری پاشەكەوتی موچەدا نرخی بەرمیلی نەوت (25) دۆلار بوو، كەچی ئێستا بۆ سەروی (80) دۆلار بەرزبۆتەوە، هەرچەندە سەرۆكی هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی بەر لە كۆبوونەوەكان رایانگەیاند كە حكومەت رەزامەندە لەسەر ئەو پێشنیارانەو خودی حكومەتیش لەسەر زاری وەزیری داراییەوە رایگەیاند كە دوای پەسەندكردنی یاساكە راستەوخۆ پاشەكەوتی موچە هەڵدەگرن، بەڵام لای هەموومان جێگەی سەرسوڕمانە! كە بۆچی حكومەت بەردەوامە لەسەر یاساشكێنی و خاوەنی بەڵێنی خۆی نییە؟ ئێستاشی لەگەڵدابێت سورە لەسەر هەمان خووە كۆنەكەی!.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group