گۆڕانكاری زۆر لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی عیراقدا كراون


لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری داهاتودا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، 205 قەوارەی سیاسی تۆماركراون و 24 ملیۆن هاووڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە.  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عیراق سەرقاڵی دواین ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 11-1 لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كۆمسیۆن، خولێكی كاركردنی دوو رۆژەی سەبارەت بەدوایین ئامادەكارییەكان و پلان و خشتە كاتییەكان و گفتوگۆكردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشانە كردەوە كە روبەڕوی نوسینگەكانی هەڵبژاردن دەبنەوە لە عیراقدا.
لەوبارەیەوە رزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عیراق لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە وتی "وەك كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق دەستپێكردووە و رۆژی 11-1یش دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستاش 205 قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن".
وتیشی "لە رووی هونەری و كارگێڕییەوە هەموو ئامادەكارییەكانمان كردووە و هەڵبژاردنەكە لە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە دەچێت، یەكەمجاریشە بۆ هەڵبژاردنەكان ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ دەنگدانەكان بەكاردەهێنین كە هەڵبژاردنێكی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەنگدەر دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی دەنگەكەی دەستكاری ناكرێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەبێت".
بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، 24 ملیۆن دەنگدەر لە عیراقدا مافی بەشداریكردنیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیكەی سێ‌ ملیۆن و 700 كەسیان یەكەمجارە بەشداری دەنگدان دەكەن.
رزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عیراق باسی لەوەش كرد، ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ ئەوەی پرۆسەكە لە تەواوی ناوچە جیاجیاكانی عیراقدا بەڕێوەبچێت، بۆ ئاوارەكانیش كە لە هەرێمی كوردستانن، ناوەندی دەنگدان و رێوشوێنی تایبەتیان بۆ دابین دەكەن تا مافی دەنگدانیان لەدەست نەچێت.
لەلای خۆیەوە شاڵاو دۆسكی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عیراق وتی "ماوەیەكی زۆرە كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە و دەتوانین لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانكاری زۆر كراوە لە گۆڕینی سندوقی دەنگدان بۆ سندوقی ئەلیكترۆنی و هەژماركردنی دەنگەكان لەو سندوقە خۆیدا دەبێت، هەروەها لە هەمان رۆژی هەڵبژاردندا، ئەنجامی دەنگەكان لە ماوەیەكی كەمدا ئاشكرا دەكرێن".
ئاماژەی بەوەشكرد، تا پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 11-1 بۆ هەڵبژاردنەكانی عیراق، 31 هاوپەیمانێتی تۆماركراون و 205 قەوارەش مۆڵەتی بەشداری كردنیان پێدراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژی 12ی ئایاری 2018ی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لەو رۆژەدا دەستنیشانكردوە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەك جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی پێكرد، تا ئێستا چاوەڕوانی هەمواركردنەوەی هەردوو یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، كە رەوانەی پەرلەمانی عیراق كراون بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو یاسایانە و پەسەندكردنیان.

Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft