عادل مه‌جید مه‌حمود

خانه‌نشینان ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌ سته‌ملێكراوانه‌ن كه‌وا جوانترین رۆژانى ته‌مه‌نیان بۆ ماوه‌یه‌كى دورودرێژ له‌ خزمه‌تكردنى گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان دا سه‌رفكردوه‌ و تا گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى تیایدا به‌ زۆره‌ملێ خانه‌نشینكراون، كه‌ ئه‌ویش ته‌مه‌نى (63) ساڵییه‌ به‌ پێى یاساى خانه‌نشینى عیراقى (چونكه‌ تائێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یاسایه‌كى خانه‌نشینى تایبه‌ت به‌ كوردستانى نییه‌) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تى عیراقى یاسایه‌كى نوێى ده‌ركرد به‌ ناوى (قانون الخدمه‌ التقاعدیه‌ الموحد) كه‌وا گۆڕانكارى و چاكسازییه‌كى زۆرى تیایه‌ بۆ خانه‌نشینان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یاساكه‌ له‌لاى ئێمه‌ (هه‌رێمى كوردستان) جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و هه‌تا ئێستاش له‌ په‌رله‌مانى كوردستان قه‌تیسه‌ به‌ بیانوى دووباره‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى به‌ جۆرێك بگونجێت له‌گه‌ڵ خانه‌نشینانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌ویش نازانرێت كه‌ى ده‌بێت. 
ئینجا با بێینه‌ سه‌ر باسه‌كه‌ى خۆم چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كاتێك له‌ ناو پاسێكدا ده‌چووم بۆ به‌غدا، له‌ پێشه‌وه‌ دوو عه‌ره‌ب دانیشتبون، گوێم لێیان بوو باسى خانه‌نشینیان ئه‌كرد یه‌كێكیان به‌وى ترى ئه‌وت (أخویه‌ هزا مو متقاعد هزا مت قاعد) واتا (بمره‌ به‌ دانیشتنانه‌وه‌) ئه‌و قسه‌یه‌ى ئه‌م پیاوه‌ عه‌ره‌به‌م هه‌ر له‌ گوێدا ئه‌زرنگایه‌وه‌ هه‌تا كاتێك خۆم خانه‌نشینكرام به‌ زۆره‌ملێ دواى ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نم گه‌یشته‌ 63 ساڵ كه‌ ئه‌وسا پێش خانه‌نشینكردنم موچه‌كه‌م ملیۆنێك و 415 هه‌زار دینار بوو، به‌ڵام پاش خانه‌نشینكرانم بڕى (774) هه‌زار دینارم بۆ ده‌رچوو. ئالێره‌دا بۆ یه‌كه‌مجار بۆم ده‌ركه‌وت تا چ راده‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر خانه‌نشین ده‌كرێت، زوڵم و ناهه‌قی لێده‌كرێت ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ى لاى خواره‌وه‌:
1- فه‌رمانبه‌رى خانه‌نشین كراو ئه‌بێت (33) ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت ئه‌وسا (80%)ى موچه‌ى (ئه‌سڵی) پێ ده‌درێت.
2- فه‌رمانبه‌ر هیچ جۆره‌ ده‌رماڵه‌یه‌كى بۆ هه‌ژمار ناكرێت كاتێك خانه‌نشین ده‌كرێت ته‌نانه‌ت ده‌رماڵه‌ى خێزانیشى بۆ هه‌ژمار ناكرێت (مه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ر ژن و منداڵه‌كه‌ى فڕێ ده‌داته‌ ده‌ریاوه‌ كه‌ كاتێك خانه‌نشین ده‌كرێت) .
3- له‌ وڵاتى ئێمه‌دا هیچ جۆره‌ بایه‌خێك به‌ خانه‌نشینان نه‌دراوه‌ هاوشێوه‌ی وڵاتانى تر، وه‌كو ته‌رخانكردنى بیمه‌ى ته‌ندروستى و شوێنى حه‌وانه‌وه‌. له‌ وڵاتانى تردا موچه‌ى خانه‌نشین زۆر زیاتره‌ له‌و موچه‌یه‌ى له‌ كاتى فه‌رمانبه‌ریدا وه‌رىده‌گرێت به‌ مه‌رجێك ژیانێكى پڕ ئاسوده‌یى و به‌خته‌وه‌رى بۆ خۆى و خێزانه‌كه‌ى مسۆگه‌ربكات تا ئه‌وكاته‌ى له‌ ژیاندا بمێنێت.
4- نه‌بوونى رێكخراوێكى كارا بۆ پارێزگارىكردن لێمان ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌كانى ته‌له‌فزیۆن به‌ هیچ جۆرێك پارێزگارى له‌ ئێمه‌ ناكات هه‌روه‌ك بایه‌خ به‌ توێژێكى دیار ئه‌ده‌ن.
5- به‌ نیسبه‌ت پێدانى موچه‌ى خانه‌نشینیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌ ئێمه‌ى خانه‌نشین (لێبڕاوى خانه‌نشینى) مان لێ بڕاوه‌ هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ى خانه‌نشینكراوین (سندوقى خانه‌نشینى) تایبه‌تى به‌ خۆمان هه‌بووه‌ و هه‌تا ئێستاش كه‌وا ساڵى (2017) ته‌واو بووه‌ ئێمه‌ى خانه‌نشین به‌س موچه‌ى (2) مانگمان وه‌رگرتووه‌، به‌ مانا موچه‌ى مانگى (یه‌ك و دوو)، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌(4) موچه‌ى ساڵى 2015 كه‌ پێمان نه‌دراوه‌ (بۆمان پاشه‌كه‌وتكراوه‌) ئیتر خوا ئه‌یزانێت كه‌ى ئه‌مان ده‌نه‌وه‌.
به‌هۆى بارى ناهه‌موار و سه‌ختى بارى ژیانى خانه‌نشینانه‌وه‌، قه‌رزێكى زۆرى (كاره‌با و ئاو و سلفه‌ى عه‌قارى و جێنشینى ) له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ و بۆیان نادرێته‌وه‌، بۆیه‌ داواكارین له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كارێكمان بۆ بكات هه‌ر نه‌بێت ئه‌و قه‌رزانه‌مان له‌سه‌رلاچێت یان له‌و بڕه‌ پاره‌ پاشه‌كه‌وتانه‌مان ده‌ربكرێت، كه‌ له‌لاى حوكمه‌ت كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ .
جارێكى تر هیوادارین كه‌وا سنورێك دابنرێت بۆ ئه‌و هه‌موو سته‌م و زوڵم و ناعه‌داله‌تییه‌، كه‌ له‌ خانه‌نشینان ده‌كرێت و به‌ چاوێكى مرۆڤدۆستانه‌ بڕواننه‌ ئه‌و هه‌موو پیر و په‌كه‌وته‌و نه‌خۆشانه‌ و خواى گه‌وره‌ش پشت و په‌ناتان ده‌بێت.     

ئەم وتارە گوزارشت لەراوبۆچوی خاوەنەكەی دەكات

Share :
Facebook Email Twitter Google+ Addthis

وتارەکانی تری نووسەر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft