سلێمانی.. رێنمایی تایبەت بەشێوازی كاركردنی مۆڵ و ماركێت و شوێنەگشتییەكان راگەیەندرا

01/11/2020

نەوا
قائیمقامی سلێمانی جەخت لە پێویستیی پابەندبوون بە بڕیاری بەستنی ماسك دەكاتەوە، دەڵێت، "لەبەردەم چوار مانگی قورس و ناڕەحەتداین".
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە مۆڵ و ماركێتە گەورەكان كۆبوەوە، پێویستیی جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزیی دوپاتكردەوە، بەتایبەت بەستنی ماسك، بەوپێیەی بەوتەی قائیمقامی سلێمانی، "لە بەردەم چوار مانگی قورس و نارەحەتیداین و ئەگەر لەلایەن هەمووانەوە رێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ نەكرێت، بەچاوی خۆمان روداوی ناخۆش و نەخوازراو دەبینین".
لەم چوارچێوەیەدا قائیمقامیەتی سلێمانی ژمارەیەك رێنمایی تایبەت بەشێوازی كاركردنی مۆڵ و ماركێت و شوێنەگشتییەكان راگەیاند، كە بریتین لە :

1- پێویستە سەرجەم كارمەندان و كرێكاران و ئەو هاووڵاتیانەی روو لە شوێنەكە دەكەن دەمامك بەكاربهێنن.
2- دانانی بابەتەكانی پاكژكەرەوە (تعقیم) و بەبێ بەكارهێنان رێگری بكرێت لە چونە ژورەوە.
3- دانانی هەواكێش بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هەوای شوێنەكە.
4- رێگریكردن لە دروستبونی قەرەباڵغی لەناو ماركێتەكاندا.
5- پێویستە كڕیاران بەژمارەیەكی گونجاو بچنە ناو ماركێتەكانەوە، بەپێی روبەری گەورە و بچووكی شوێنەكە.
6-  پێویستە ماوەی نێوان هەركەسێك بۆ كەسێكی تر لە 2 مەتر كەمتر نەبێت.

قائیمقامی سلێمانی هۆشداریشیدا بە ماركێت و مۆڵەكان، ئەگەر پابەندی رێنماییەكان نەبن، سزادەدرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group