نەوا-
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، ماوەیەكی زۆرە ئەپلیكەیشتنی بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك لە پارێزگاكانی عێراق كارا بووە كە لەو ڕێگایەوە فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتیان نوێدەكرێتەوە، بۆیە لە پارێزگای هەڵەبجەش وەك یەكەم پارێزگای هەرێمی كوردستان ئەو ئەپلیكەیشنە كارا كراوە و هاووڵاتیان دەتوانن فۆڕمی خۆراكیان نوێ بكەنەوە.
باسی لەوەشكرد، ئێستا لە هەڵەبجە و هەموو ئەو پارێزیانەی دیكەی عێراق كە بەرنامەكە تێیاندا كارا بووە، تەنها بۆ نوێكردنەوەی زانیارییەكانە، لەم قۆناغەدا ناتواندرێت هیچ مامەڵەیەك جێبەجێ بكرێ وەك زیادكردنی منداڵ و گواستنەوەی فۆڕم.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی پسولەی خۆراكی هەڵەبجە بلاوكردووەتەوە، كە پێویستە هاووڵاتیان ئەپلیكەشنی نوێكردنەوەی فۆڕمی خۆراك لەمۆبایلەكانیان دابەزێنن و پاشان بەشی (دروستكردنی هەژمارێك) هەڵبژێریت و دواتر لە ڕیزی پارێزگاكان هەڵەبجە هەڵدەبژێرن، دواتر هەنگاوەكانی دوای ئەو جێبەجێ دەكەن، پێویستە هەموو هاووڵاتییەك كارتی نیشتمانی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ زانیارییەكان تۆمار بكات.