سلێمانی.. لە هەفتەیەكدا 81 پسوڵەی سەرپێچی كراوە و 6 شوێن داخراون

01/12/2020

نەوا
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كارو چالاكییەكانی هەفتەی رابردوی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە "81 پسوڵەی سەرپێچی كراون و 6 شوێنیش داخراون".
قائمقامیەتی سلێمانی لەبارەی كاروچالاكییەكانی هەفتەی رابردو، لەزاری لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە بڵاویكردوەتەوە، بەهۆی پابەندنەبون بەمەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی كاركردن و رێكارەكانی خۆپارێزی، لیژنەكان 81 پسوڵەی سەرپێچییان تۆماركردوە.
وتوشیەتی "لەسەر بەردەوامبون لە سەرپێچی و بەكارنەهێنانی دەمامك و مادەكانی پاكژكردنەوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، شەش شوێنمان روبەڕوی داخستن كردوەتەوە و خاوەنەكانیشیان سزای یاسایی توند دراون".
لەشكر حەمید ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بڕی ئەو غرامەیەی لە حەوت رۆژی رابردودا كراوە، گەیشتوەتە چوار ملیۆن و 300 هەزار دینار و بەپێی یاسا دەخرێتە سەر داهاتی گشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group