نەوا
فراكسیۆنی گۆڕان وەڵامی ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، "كۆی بەرنامەی حكومەت بهێننە سەر مێزی گفتوگۆ با بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندیی خەڵك جێبەجێكراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بووە؟"، دوپاتیشیدەكاتەوە، "گۆڕان، بە بەشداری لە حكومەت دەستەمۆ نابێت".
وەڵامێك بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان :
دوێنێ دەرئەنجامی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە ئاڵۆزی لێكەوتەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە ڕایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە.
ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
١- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.
٢-لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە ، بزوتنەوەی گۆڕان پشوودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەموو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە ، ھەموو ئەوەش لەپێناو چاكسازی و مانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی بووە.
٣- ھەرچی پۆستی بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبیی، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی ڕاستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪١٢ی پۆستەكان ڕازی بووە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.
٤- لێرەوە بێمنەتانە ڕایدەگەیەنین فەرموون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ ڕای گشی ڕایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بووە؟.
٥- لە كۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستییەی حوكمڕانی بە بیر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بھێنینەوە كە حوكمڕانی ئامانج لێی خزمەتكردنی خەڵكە ، چوونە حكومەت بەمانای بێدەنگبوون لە قوت و موچە و گەندەڵی نایەت ، بەتایبەت كە ئەركی سەرەكی پەرلەمان چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوەیە لێی وەك لە ڕێكەوتنی پێكھێنانی كابینەكەشدا ھاتوە ، تەنانەت كە ئەگەر پارتی بە تەنھا حكومەتی پێكبھێنایە ، بۆیە بە بەشداری لە حكومەت ، گۆڕان دەستەمۆ نابێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
1-12-2020