موسڵ لە نێوان فەرەنسا و توركیادا؟

سەردار عەزیز

18/01/2021
توركیا و فەرەنسا كێبڕكێیانكرد بۆ نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ، لە ئەنجامدا، حكومەتی عێراقی، سەرباری ئاماژەكانی لێكنزیكبونەوەی لە گەڵ توركیادا، گرێبەستەكەی دا بە كۆمپانیایەكی فەرەنسی بە ناوی Aeroports de Paris Ingenierie (ADPI).

هەردوو توركیا و فەرەنسا لە ساڵی ٢٠١٩وە لە كێبڕكێدان بۆ بە دەستهێنانی پرۆژەكانی بونیادنانەوەی موسڵ. ئەم كێبڕكێیە تەنها ڕەهەندی ئاوەدانكردنەوە و ئابوریی نیە، بەڵكو بەشێكە لە پرسێكی جیوپۆلەتیكی ئێجگار ئاڵۆز لە نێوان هەردوو وڵات و ناوچەكەدا.

هەردوو فەرەنسییەكان و توركەكان سۆزێكی مێژوییان هەیە بۆ موسڵ. فەرەنسیەكان لە سەدەی نۆزدەوە بەردەوام لە هەناردنی خەڵكانی شارەزایاندابوون بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە سەر ناوچەكە. لە یەكێك لە ڕاپۆرتەكاندا كە لە لایەن پرۆفیسۆر تاسارتەوە نوسراوە لە ساڵی ١٩٠٨ ناوچەكە بە كوردستانی توركیا ناودەبات. بەڵام لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممەی مانگی دوانزەی ساڵی ١٩١٨، كلیمینسۆ لە لەندەن لە دانیشتنی لە گەڵ لوئید جۆرجدا دەستبەرداری موسڵ بوو. ئەم دەستبەرداربونە هەتا ئەمڕۆ وەك مەتەڵێك وایە و جێگای مشتومڕە لە نێو مێژونوساندا.

ئەوەی جێگای سەرنجە كە پێدانی پرۆژەكە پاش سەردانەكەی كازمی دێت بۆ توركیا. وەك ئاگاداربوینەوە، كازمی داوای لە تیمی ڕاوێژكارانی كردوە ڕاپۆرتێكی دەربارەی كێشەكانی نێوان توركیا و عێراقدا بۆ بنوسن لە ڕۆژانی داهاتودا.

بردنەوەی فەرەنسا و دۆڕانی توركیا چەندین لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. فەهمی تەشكتكین لە ئەلمۆنیتەر كۆمەڵێك هۆكاری ئاماژەپێداوە. لەوانە هۆكاری ئابوریی و تەكنیكی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا. بەڵام سەرباری گرنگی ئەم فاكتەرانە هۆكاری تریش لە پشتەوە هەیە. هەندێك وەهای دەبینن كە جۆرێكە لە پاداشت بۆ بەشداریی فەرەنسا لە شەڕی دژ بە داعش. بەڵام بە دیدی من هۆكارەكەی ئەو ترسەیە لای نوخبەی شیعە و ئێرانیش هەیە لە پەلكێشانی توركیا بۆ ناوچەكە. نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانە، بوارێكی هەستیارە. بەڵام هاتنی كۆمپانیاكانی توركیا، بەشێكە لە هاتنی سەربازی توركیاش بۆ ناوچەكە. توركیا لە ڕەبیعە بارەگای هەیە، بەبێ هیچ بەهانەكەیەك. توركەكان تەلئەعفەر بە شوێنی خۆیان دەزانن. هەرگیز ئەو پاش نیوەڕۆ گەرمەی ئەنقەرەم لە بیرناچێت كاتێك سەردانی ناوەندی سەدەی بیست و یەكم كرد، بەرپرسەكەی كە توركێكی سەر بە مەهەپەیە چۆن بە گژماچوو بەوەی درەنگ بووم و بەردەوام كتێبەكەی ڕادەوەشاند كە دەربارەی تەلئەعفەر نوسیبوی. توركە فاشیتەكان وەك هەموو فاشیستێك توڕە و جنێوفرۆشن.

توركیا ماوەیەكە بە ڕێگای جیاواز دەیەوێت بگاتە موسڵ.، ئەمە لە كاتێكدایە كە موسڵ لە پرۆسەیەكی گۆڕانی سیاسیدایە لە لایەن نوخبەی سیاسیی شیعەی عێراقەوە، بۆ ڕامكردنی وەك بەشێك لە پرۆسەی هەژەمۆنیەتی شیعی لە ناوچەكە. لە موسڵدا پرۆژەی هەژەمۆنیەتی عوسمانی و ئێرانی بەریەك دەكەون. ئەمەش هۆكارێكی گەورەی بەریەككەوتنەكانی شەنگالە. لەم بەریەككەوتنانەدا خەڵكی داماوی ئێزیدی دەبنە قوربانی. بە داخەوە ئێزیدییەكان ئەم ڕەهەندەی پرسەكە نابینن.

ئەم بردنەوەی فەرەنسا لە توركیا لە پرۆژەكانی تریشدا بەردەوام دەبێت، هەردوو وڵاتی توركیا و فەرەنسا دوو وڵاتی خاوەن پاشخانی ئیمپراتۆریین و خەون و مامەڵەیان بەو جۆرەیە. بۆیە لە جێگای تر بەریەككەوتنیان هەیە. بەڵام وەك دوو وڵاتی خاوەن نۆستالجیای ئیمپراتۆریی هەرگیز ناتوانرێت پشتییان پێببەسترێت چونكە هەمیشە پەیوەندییەكی ئامرازییان هەیە لە گەڵ ئەوانیتردا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group