دوو ئیدارەیی!

ئیدریس عەبدول

05/01/2019
پاش ئەزمونێكی تاڵ لەگەڵ شەڕی براكوژی و زەرەروزیانێكی گەورەی مرۆیی و مادی و مەعنەوی، ساڵی 1998 بەچاودێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مادلین ئۆلبرایت بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی رەنگڕێژكرا كە بریتیبوو لە كۆتاییهێنان بەشەڕ و دوو ئیدارەیی و خۆگونجاندنی هەنگاوبەهەنگاو بەرەو دیموكراسیەت.
بەخۆشحاڵیەوە خەڵك زۆر پشووی درێژ بوو لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریەدا و بۆ ماوەیەكی باش نەخشەرێگاكە بەباشی بەڕەوپێشچو، بەڵام جێگای نیگەرانییە ساڵانێكە ئەم هارمۆنی بوونەی هێزەكان پێچەوانە بۆتەوەو هەنگاو بەهەنگاو نزیكمان دەكەنەوە لە ئەزمونێك، كە دەیان ساڵی پێویستە تاكو دەرئەنجامە خراپەكانی بسڕینەوە.
لەم چەند رۆژەدا كارو كاردانەوەگەلێك پەیدابوون، كە دەچێتە چوارچێوەی هەنگاونان بەرەو پچڕاندنی ئەو تاڵە متمانە باریكەی ماوە، جگەلەوەی هەنگاوێكی زۆر ناشارستانی و ئاست نزمە و پێشێلكاریەكی زۆر زەقی مافی مرۆڤ و ئاسایشی تاك و ئازادی سیاسییە و كەسایەتی مرۆڤی كورد جارێكی تر دەشكێنێتەوە. بۆیە هیوادارم پێداچوونەوەی پەلە بكرێت بە پەیوەندیەكانی هەردوو حزب و مەلەفە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكرێن.
دەبێت كابینەی نوێ بیر لەچارەسەركردنی ئەم هەڕەشەو گوڕەشانەی دوو ئیدارەیی  و بەكارهێنانی دامودەزگا هەستیارە چەكدارەكان بهێنن لە ململانێی سیاسیدا ئەویش پێویستی بەچوست و چالاككردنەوەو داڕشتنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان    پارتی و یەكێتی هەیە و دەبێت نەخشەرێگایەكی نوێ دابڕێژرێت بۆ كۆتاییهێنان بە  بوونی دوو هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دوو سەرچاوەی دارایی و دوو سەرچاوەی بڕیار، چونكە ئەمە دەمانگەیەنێت بە كەناری ئارام و ژیانی دیموكراسی بەپێچەوانە هیچ نرخێك بۆ ململانێی پەرلەمانی و زۆرینە و كەمینە نامێنێتەوە و دەبێت كورد تاماوە پەنجا بە پەنجا حكومڕانی بكات .
دەهۆڵكوتانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی هەر هەبووە و هەمیشە هەرزەكارو بەرژەوەندپەرستەكان پەنای بۆدەبەن، زۆربەمان لە بیرمانە پێش ساڵی 1994 زۆر بوون ئەوانەی هەڕەشەیان دەكرد و شمشێریان تیژ بوو ئەیانوت نەك براكوژی، خوشك كوژیش دەكەین، بەڵام كە مەنجەنیقی شەڕ هەڵگیرسا زۆربەیان خۆیان بەدەستەوەدا یان لە ماڵەكانیان دانیشتن و سەنگەرەكانیان پێشكەش بەكۆمەڵێك خەڵك و تێكۆشەری زەحمەتكێش كرد، كە ئەوانیش لەبەر عیزەتی نەفسیان هەموو كارێكیان كرد و خۆیان كرد بەقوربانی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group