برایەتی و هەستی مرۆیی لەسەر بنەمای درۆ و ساویلکەیی بنیات نانرێت

بەكر شوانی

18/03/2019

ئەوە چەند ساڵێکە لەم کاتەدا هەندێک لە میدیاکانی کوردستان و بەتایبەتیش کوردێکی زۆر لە فەیسبووک فڕۆکەوانێکی تورکمانی لە سێداردراو بە ناوی ئایدن مستەفا لە کورد دەکەن بە پاڵەوان لە پای ئەوەی گوایە بەشداریکردنی لە بۆردومانکردنی هەڵەبجەدا ڕەت کردووەتەوە. چ بنەماڵەی ئایدن مستەفا و چ تورکمانەکانیش خۆیان ئەو شتە ڕەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە ناوبراو ساڵی ١٩٨٧ دەستگیر کراوە و لەسەر کێشەی تورکمان لە سێدارە دراوە.
پێم وایە دەبوایە پەردەیەک بەسەر ئەم بابەتەدا بدرێت و چی دی هەڵ نەدرێتەوە، چونکە بە سووربوونمان لەسەر ئەوەی گوایە ئەو بەڕێزە بە تاوانی بەشداری نەکردن لە بۆردومانی هەڵەبجە لە سێدارە دراوە، سادە و ساویلکە دەکەوینە بەرچاوی ئەوانی دی و ئەم هەوڵە هیچ سوودێکی نابێت بۆ بنیاتنانی برایەتی لە نێوان کورد و تورکماندا، چونکە لە بناغەوە بانگەشەیەکی درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە. 
د. فوندای کچی فڕۆکەوان ئایدن مستەفا کە هەر لە منداڵییەوە لە تورکیا دەژی، شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە زمانی تورکی هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی باوکی خۆی بە بۆردومانکردنی هەڵەبجەوە ڕەت کردەوە. من هەر ئەو ساڵە بە نامەیەک داوام لێ کرد مۆڵەتم بدات ڕوونکردنەوەکەی بکەم بە کوردی و ئەویش بە مەرجی دەستکاری نەکردنی ناوەڕۆکەکەی، مۆڵەتی پێدام دا. لای خوارەوە جارێکی تر دەقی ڕوونکردنەوەکە دەخەمەڕوو: 
--------
شەهید فڕۆکەوان ئایدن مستەفا و کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە
لە بنەماڵەی شەهید ئایدن-ەوە چاوەڕێی وەڵامێک دەکرێت. هەڵواسینی پۆستەرێک لە چەند ڕۆژی ڕابردووا پاڵی بە هەندێک کەسەوە ناوە بەرەو بیرکردنەوەی جۆراوجۆر. من تازە بەو بابەتەم زانیوە. با دۆخەکە بۆ ئەو کەسانەی کە وەک من لە کەرکوک ناژین، پوخت بکەمەوە: لە کەرکوک پۆستەرێک هەڵواسراوە دەربارەی ئەوەی کە باوکم لەبەرئەوەی بەشداریکردنی لە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ڕەت کردووەتەوە، لە سێدارە دراوە. ئەم قسەیە ڕاست نییە. کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لە 16/3/1988 ڕووی داوە. لەو مێژووەدا باوکم لە گرتووخانەی ئەبوغرێب بوو. واتا باوکم پەیوەندی بەو کۆمەڵکوژییەوە نییە. بەڵام باوکم سەرباری ئەوەی ناسیۆنالیستێکی تورک بوو، بواری نەدەدا ناڕەوایی لە دژی هیچ میللەتێکی تر بکرێت. ئەو بۆردومانکردنی گوندە کوردییە مەدەنییەکانی ڕەت کردبووەوە و بەو هۆیەوە پلەی بەرز نەکرابووەوە و ماوەی 6 مانگ خرابووە زیندانەوە. لەو سزایە کە لە پای خەڵکانی مەدەنیی بێتاوان بەسەریدا سەپێندرابوو، پەشیمان نەبوو. ئەو هەمیشە لایەنی بێهێزەکانی دەگرت. لەم ڕۆژانەدا کاتێک بابەتەکە دیسان هاتووەتەوە ناو باس، من بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی دەکەم لە ناوهێنانی مرۆڤێکی پایەبەرزی وەک باوکم. سوپاس بۆ هەرکەسێک کە یادی باوکم دەکاتەوە و لە بیری ناکات و ناهێڵێت لە بیر بکرێت. 29 کانوونی یەکەمی 2013 یادی 25 ساڵەی لە سێدارەدانی باوکمە. ئومێدم وایە میللەتی تورکمان ڕێزێک لە باوکم بگرێت کە شایەنییەتی.
د. فوندا ئایدن مستەفا

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group