زیندان; ئەو وێستگەیەی دەیان سەرکردەی بە جیهان ناساند

كازم فاروق

20/05/2019

لەلاپەڕەکانی مێژوودا بەدەگمەن ناوی سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبینین لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە بە وێستگە تاریکەکانی زینداندا تێنەپەڕیبێت و ئازارنەدرابێت. هەر خۆی وادەردەکەوێت کە زیندان بۆ زۆربەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە دیارەکانی ناوچەکە و جیهانیش وێستگەیەک بوبێت بۆ دەرخستنی سیفەتە بارز و کاریزما ئاساکانی ئەو سەرکردانە و پێشمەرجێکیش بێت بۆ قبوڵکردنیان لەلایەن کۆمەڵگەوە. دواجار کونجی زیندان بووە بە بەشێك لەتەواوکاری پێناسەی سەرکردەبوون.
وەکو عادەتێکی باو لە دنیای دیکتاتۆریدا، هەمیشە یاسا وەکو داردەستێك بەکارهێنراوە بۆ تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن و زیندانیکردنی سەرکردەی جولانەوە سیاسیە دژەباوەکان. تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت بەو پێیەی هەمیشە بێگانە و دوژمنەکان سەرکردەی بزاوت و جوڵانەوە بوێرەکانیان زیندانیکردووە و ئازاریانداوە، بەڵام حاڵەتێکی نامۆ لە زیندانیکردنی ''شاسوار عەبدولواحید''دا بەدیدەکرێت ئەویش ئەوەیە کە حیزبێکی سۆشیال دیموکراتی هاوزمانی خۆی زیندانی دەکات. ئەمە ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هەرچەندە لە سەدەی بیست و یەکداین و جیهانی ڕۆژئاوا لەڕووی دیموکراسیەوە تەواو پێشکەوتووە، بەڵام تاکو ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیندانیکردن و ئازاردانی دەرونی و هەندێکجار جەستەیی بەرۆکی سەرکردە دیارەکانی بەرنەداوە و پێشمەرجێکیشە بۆ بوون بە کاریزما.
ئەمەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر بە نەوەی نوێ و ''شاسوار عەبدولواحید'' دەیکات، لەرابردوودا و کاتێ کاک نەوشیروان لە ژیاندا بوو، هاوشێوەکەی بەرامبەر بە گۆڕانی کاک نەوشیروان ئەنجامدا. ئەم شەڕە نابەرامبەرە لە سلێمانی جگە لە ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕووی دیموکراسی پایتەختی ڕۆشنبیری هیچی تری لێ سەوز نابێت.
ماوەتەوە بڵێین، هەرچەندە کەسێکی وەکو ''شاسوار عەبدولواحید'' ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەک بووە لەپێناو نەفەسی دژەگەندەڵی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکدا، بەڵام ئەم کارە بەتەنها بەخۆی و هاوڕێکانی ئەستەمە و پێویستی بە پشتیوانی و هاوکاری و هاودەنگی خەڵک هەیە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بە هەموومانەوە پشتیوانی ئەم گەنجە ئازا و بوێرە بکەین و هەوڵی سەرخستنی بدەین و لێنەگەڕێین دەسەلاتێکی گەندەڵ و شکستخواردوو، خەونی باشکردنی وڵات و ژیان و گوزەرانی هاولاتیەکانی لەبارببات و ئەو تروسکایی ئومێدەش لەدڵی خەڵکدا ببڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group