“به‌گرنگی ده‌زانم، كوردانی تاراوگه، هاوكاری كاندیده كورده‌كان بن، به‌چاوپۆشین له شوناسی ئایدیۆلۆژی و هاونیشتمانی چ به‌شێك بن، گرنگ ئه‌وه‌یه كوردن و توانایان هه‌بێ” له (23-5 بۆ 26-5) له (28) وڵاتی ئه‌وروپادا و له ناو (427) ملیۆن ده‌نگده‌ر، كه له‌دوای هیندستان، دووه‌مین گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه، بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌درێ. ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان، به‌پێی ریژه‌ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه‌ن بچوكترینیان ماڵـتایه، كه دانیشتوانه‌كه‌ی (460397) كه‌سه‌و (6) كورسی به‌رده‌كه‌وێ. گه‌وره‌ترینیان ئه‌ڵمانیایه‌و) 82 (ملیۆن كه‌سن و (96) كورسی به‌شێتی. تائێستا (751) ئه‌ندامی په‌رله‌مان تێكڕا هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ریتانیا ته‌ڵاق بدرێ ده‌بێته (705) ئه‌ندام. ئه‌م ساڵ كێشه‌ی گه‌وره‌ی پرۆسه‌كه، سیاسه‌تی راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كان و پۆپۆلیسته‌كانه، كێشه‌كانیش به‌گشتی، هه‌ستی ده‌نگده‌ری ساردكردۆته‌وه، دوژمنایه‌تی لیبرالیزم و دادپه‌روه‌ری، راستڕه‌وه‌كان و پۆپۆلیسته‌كانی خستۆته به‌ره‌یه‌كی بابه‌تی، ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌مانه زۆرینه به‌ده‌ستبهێنن، پڕۆسه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا دوچاری كێشمه‌كێشی زۆر ده‌كه‌ن، كۆچ و كۆچبه‌رانیش، ئه‌م دوو ره‌وته توندڕه‌وه‌ی نێرتر كردوه‌و شاده‌ماره‌كانی ناسیۆنالیزم ده‌بزوێنن.، مه‌ترسی تریش هه‌یه، ئه‌ویش رێككه‌وتنی راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كانه له‌ئه‌وروپا، له‌ناو بزوتنه‌وه‌یه‌كی ناوكۆیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شیان بۆ بچێته‌سه‌ر، بێگومان پۆپۆلیسته‌كانیش ده‌چنه پاڵیان. په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بودجه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا په‌سه‌ند ده‌كات، كه بڕه‌كه‌ی ده‌گاته (165,8) ملیار یۆرۆ، به‌شێكی ئه‌م بودجه‌یه، بۆ ژینگه‌پارێزی و چالاكی رێكخراوه ناحكومیه‌كان و لێقه‌وماوان سه‌رف ده‌كرێ. به‌ڵام به‌شی به‌رچاویش بۆ بیرۆكراسیه‌ت و كاری رۆتینه، بۆ نمونه: هه‌موو كۆبونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانه‌كه زیاتر له‌سه‌د ملیۆن دۆلاری تێده‌چێ. بیرۆكه‌ی په‌رله‌مانه‌كه ساڵی (1952) سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانه‌وه قسه‌ی لێوه‌ده‌كرێ، لینین، به توندی دژی بووه، ساڵی (1979) یه‌كه‌مین په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا. له‌وساوه، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، له‌كێشه په‌راوێزخراوه‌كانی په‌رله‌مانه‌كه‌دایه، له‌دوای راپه‌ڕینی (1991)وه، به‌ره به‌ره یه‌كێتی و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، قسه له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ن، هۆڵه‌كانیان بۆ سیاسه‌تمه‌داره‌كان ده‌كه‌نه‌وه، له‌سه‌ر روداوه‌كانمان دێنه ده‌نگ، به‌ڵام ئه‌م په‌رله‌مانه دیموكراسیه، به‌گشتی هێشتا له‌چوارچێوه‌ی جیهانبینی جه‌نگی سارد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ستراتیژیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه‌ترازاوه،زۆتر به‌رژه‌وه‌ندی له‌به‌رچاو ده‌گرێ، خۆی ده‌پارێزێ له هه‌ڵوێستی لێبڕاو به‌رامبه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وه بێبه‌شه‌كان له دیموكراسی، ره‌خنه‌كانیان به‌رامبه‌ر دیكتاتۆر و كۆنه‌په‌رستان، (دیبلۆماسیانه‌یه، هێزه سیاسیه‌كانی كوردستانیش، پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان نییه، باشتر له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانه‌كه‌دا كار بكه‌ن. ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كار كردن له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، ئاسانتره له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. لایه‌نی كه‌می رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دیپلۆماسیه‌تدا نییه له‌جیهاندا، ئه‌مه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا زیانی زۆر زۆره. نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت هه‌یه، جار جاریش چالاكی هه‌یه. به‌ڵام پرۆسه‌كه قورستره‌و گرنگتریشه. گرنگترین كاری په‌رله‌مانه‌كه، فشاری سیاسیه، به‌رامبه‌ر حكومه‌تی توركیا سه‌باره‌ت به دیموكراسی و مافی مرۆڤ، كه ئه‌مه‌ش له‌قازانجی باكوری كوردستانه. په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی باشور، پێش لایه‌نه سیاسیه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستان، ده‌توانێ، پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی شیاوتری هه‌بێ بۆ پێگه دانان له‌ناو ئه‌م ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌ی ته‌شریع و سیاسه‌تی جیهانی. هێزه سیاسیه ئازادیخوازه‌كانی تری كوردستانیش، ده‌بێ، چالاكتربن له‌ناو په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی په‌رله‌ماندا. لایه‌نه دۆسته‌كانی كوردستان، كه‌م نین، نه‌ك سۆسیال- دیموكرات و دیموكراته‌كان و چه‌په‌كان به‌ته‌نها، به‌ڵكو راستڕه‌وه ناڤینه‌كانیش سۆزیان له‌گه‌ڵماندا هه‌یه كه (216) ئه‌ندامیان له‌و په‌رله‌مانه‌دا هه‌یه. به‌گرنگیشی ده‌زانم، كوردانی تاراوگه، هاوكاری كاندیده كورده‌كان بن، به‌چاوپۆشین له شوناسی ئایدیۆلۆژی و هاونیشتمانی چ به‌شێك بن، گرنگ ئه‌وه‌یه كوردن و توانایان هه‌بێ، به‌هیوای سه‌ركه‌وتن.