ئەم هەرێم و دەسەڵاتە چ پێناسەیەك هەڵدەگرێت؟

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

24/06/2019

ئەوەی هەرێمی كوردستانی پێدەناسرێتەوە قەیرانە هەمەچەشنەكانیەتی، ئیتر دارایی، سیاسی،  یاسایی وخزمەتگوزاری و...... هتد بێت.
جگەلەمانە هەرچەند مانگەو قەیرانێكی تر بۆ پێداویستیەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت یاخود دروست دەكرێت.
باشە چ مەعقولیەتێكی تێدایە دوو ڕۆژ تەماتەو پیاز لەئێرانەوە هاوردەی هەرێم  نەكرێت كیلۆی تەماتە بگاتە (2000)دووهەزار دینار لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان جگەلەوەی خاوەنی باشترین زەوی بەپیتە ‌، دەشتوانرێت لەخاكەكەیدا پێداویستی ( 10 )دە ملیۆن هاوڵاتی لەسەوزەومیوە بەتەواوی دابینبكرێت وبەرهەمبهێنرێت.
كەی ڕەوایە چەند ڕۆژێكی كەم توركیا هاوردەی هێلكە بۆهەرێم وعێراق ڕابگرێت تەبەقێك هێلكە نرخەكەی ( 200%) بەرزببێتەوە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی (1400) هەزاروچوارسەد كێڵگەی پەلەوەرییە وگەرحكومەت خۆی هاوكاریان بێت ئەوا زۆر لەپێداویستی زیاتری دانیشتوانی هەرێم دەتوانرێت مریشك و هێلكەش بەرهەمبهێنن و بگرە هەناردەشی بكەن.
باشە وڵاتێكی وەك ئێران بۆ دەتوانێت تەنها لەساڵی (2018)دا بڕی ( 95 )نەوەدو پێنج هەزارتۆن تەنها ماست هەناردەی وڵاتان بكات و بایی (85) هەشتاوپێنج ملیۆن دۆلاریش بەعێراق وهەرێمی كوردستان بفرۆشێت؟
لەكاتێكدا سەردەمانێك نە عێراق و نە هەرێمیش پێویستیان بەسەتڵێك ماستی هاوردەی هیچ وڵاتێ نەبوو ، بەڵام بێ پلانی وادەكات كەلەوڵاتێكی بەرهەم هێنەوە ببیتە بەكاربەرێكی تەواو،و هەمیشە چاومان لەدەستی دەرەوە بێ.
سەیرنەبێت بەلاتانەوە لەسەر ئەوهەموو گوێزەی هەورامان وناوچەكانی تری هەرێم كە بەرهەم دێن كەچی مانگانە بایی (15) پانزە ملیۆن دۆلار گوێزی ڕوسی وئێرانی وئۆكرانی و.....هتد هاوردەی هەرێم دەكرێت، كە ساڵانە دەكاتە (180) سەدوهەشتاملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
خاكی هەرێمێك كە هێندە بەپیت بێت وهەموو ڕەگەزەكانی كشتوكاڵی بەزیادەوە تێدا بێت، چ مەنتقێكی تێدایە ساڵانە تەنها (54) پەنجاوچوار هەزار تۆن میوەی تێدا بەرهەمبهێنرێت لەكاتێكدا ساڵەكە هەرێم و دانیشتوانەكەی پێویستیان بە (530) پێنج سەدوسی هەزار تۆن میوە هەیە.
یاخود ساڵانەهەرێم بۆپێداویستی دانیشتوانەكەی پێویستی بە (200) دووسەد هەزارتۆن برنج بێت كەچی ساڵەكە بتوانرێت تەنها ( 5- 6)پێنج بۆ شەش هەزار تۆن بەرهەمی برنجت هەبێت.
هەرێمی كوردستان تەنها هاوردەكەری سەوزەومیوەنیە بەڵكو قۆپچەوسوزن و واشەروبرغوش هەرهاوردە دەكات ، ئاخەر كارەساتە نەتوانیت لەساڵی (2018)دا (7) حەوت شەقامی تازە بنیادبنێیت ودروستی بكەیت ، بەڵام هەر لەوساڵەدا (137) سەدوسی و حەوت هەزار ئوتومبێلی هەمەجۆر هاوردەبكەیت و لە هاتوچۆی هەرێمدا تۆماربكرێت.
بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت هیچ وڵات وهەرێمێك هاوردەی كاڵاوشمەكی لە (30%) تێبپەڕێت، بەڵام هەرێمی كوردستان بەگشتی هاوردەی كاڵاوشمەكی (80%)ی تێپەڕاندوەو هەندێ كاڵاوشمەكی ڕۆژانەشی لەنمونەی وشكە گەیشتۆتە لە (95%) و زیاتریش.
بەرپرسانی هەرێم جگە لەوەی نەخواستیان بوەو نە ئیرادەشیان هەبوە تاكوهەرێم لەبەكاربەرەوە بكەنە بەرهەمهێن، نەشبونەتە هاوكاری جوتیاران و وەبەرهێنەرانی بوارەكەو ئەو بودجەیەشی بۆسێكتەری كشتوكاڵ كە ئاسایشی خۆراكی پێوەبەندە ساڵانە كە تەرخاندەكرێت هەرگیز ناتوانرێت كشتوكاڵی لەو پوكانەوەی تێیكەوتوە پێ ڕزگاربكرێ و بەرەوبوژانەوەو گەشەكردنی ببات.
وەلەلایەن كەسانی شارەزاو ئەكادیمیانی بوارەكەوە چەندین ڕاپۆرت وڕاسپاردەو پلانی زانستی دراوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان دەڵێی نەبایان دیوە نەباران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group