پێویستە دەستخۆشی لە كەركوكییەكان بكەین

محەمەد فاتیح

20/07/2019

كەركوك لەناو هەناسەمای
لە دوا خۆزگە و دوا تاسەمای
لەناو سۆما و ترپەی دڵمای
لەهەر كوێ بم تۆ لەگەڵمای

هونەر و كلتور بەشێكی گرنگن لە مێژووی وڵات و شارەكان و هەمیشە پێگەی ئەو شوێنانە بەهێزترن كە هونەر تیایدا سەركەوتوترن، شاری كەركوكیش بێبەش نییە لەم سەركەوتنانەدا و توانی بەمدواییانە خەڵاتی نێودەوڵاتی بەدەستبهێنێت.
بەڵێ ئەوە گروپی هەواری شانۆیی كەركوك بوو، كە لە 10-2-2019 لە فێستیڤاڵی دیداری نێودەوڵەتی بۆ شانۆیی سەرشەقام، كە لەشاری قەتاری تونس بەڕێوەچوو، میدالیای ئاڵتونییان بەدەستهێنا و یەكەمی فێستیڤاڵەكە بون. بەهەمان شێوە گروپی هەواری شانۆیی كەركوك توانی لە 7-4-2019 لە فێستیڤاڵی شەرم ئەلشێخی نێودەوڵەتی لە میسر خەڵاتی پلەی یەكەمی بەدەستبهێنێت، كە 30 دەوڵەتی عەرەبی و جیهانی تیایدا بەشداریان كردبوو.
نەژاد نەجم نوسەر و دەرهێنەری شانۆیی بێ سنور و شانۆیی خەون، كە لە تونس و میسر نمایشكران و هەریەك لە هونەرمەندان هونەر شەوقی و دارا عیزەدین و هەوار فارس و بەڵێن فارس و محەمەد عەبدوڵڵا رۆڵیان تێدا بینیوە و عەبدوڵڵا كاكی و عامر مەرزوق كاری موزیكیان بۆ هەردوو شانۆكە كردووە، هەر هەموویان خاوەنی خەڵاتی یەكەمینی نێودەوڵەتین.
زانكۆی كەركوكیش لە 1-5-2019 خەڵاتی ئۆسكار تایمزی بەریتانیای بەدەستهێناوە و بەباشترین زانكۆ لە كیشوەری ئاسیا دەستنیشانكراوە لە بواری پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی قوتابیان.
سارە محەمەد خەلیل شوانی ئەو كچە كوردەی خەڵكی كەركوكە و لە ویلایەتی یوتای ئەمریكا نیشتەجێیە، لە 20-6-2019 لەلایەن كۆنگریسی ئەمریكاوە خەڵاتكراوە بەهۆی لێهاتوییەوە لە خوێندن و بەدەستهێنانی نمرەی زۆر بەرز و هەروەها بەهۆی كاركردنی لە بواری بەهاناوەچونی لێقەوماوان و كاری مرۆیی.
كاروان حەمید حەللاق، كە خەڵكی كەركوكە و نیشتەجێی هۆڵەندایە بەهونەری میوزیك ژەنین لە 17-6-2019 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ ژینگەپارێزی بەسەركەوتویی بەشداریی كردوە و لە دەیان كۆنسێرت لە هۆڵەندا بەشداری كردووە و رێزلێنانی پێبەخشراوە، رزگار حەمەرەئوفیش بە سەركەوتویی لەساڵی 2007 بەشداری لە فێستیڤاڵی ڤۆڵتیرامی نێودەوڵەتی كردوە لە ئیتاڵیا، كە 30 وڵات بەشدارییان تێدا كردوە و لەساڵی 2009یش وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان خەڵاتی داهێنەرانی پێبەخشیوە.
هەروەها راگەیاندنكار و بێژەری كەناڵی "ئەلحوڕە" هاشم عەلی مەندی، هەر لەمساڵدا 2019 یەكێك لە رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان بە باڵیۆزی نیازپاكی دەستنیشانیكردوە و لەلایان رێكخراوی ئۆپێكەوە خەڵاتكراوە.
بەهەمان شێوە ئەیسەر عەبدولوەهاب بەیاتی بە باڵیۆزی نیازپاكی و ئاشتی هەڵبژێردراوە و خاوەنی شەش بڕوانامەی دكتۆرای فەخری نێودەوڵەتی و عەرەبییە، د.عەبدولكەریم خەلیفەش خەڵاتی درعی داهێنەرانی رۆشنبیری و درعی وەزارەتی رۆشنبیری عیراقی وەرگرتوە، محەمەد شیراز سەفا تاڵەبانی لە كۆنگرەی قوتابیان و لاوانی جیهانی، كە ساڵی 2004 لە پایتەختی باشوری ئەفریقا بەسترا خەڵاتی ماندێلای بەدەستهێناوە بۆ باشترین لاو لە جیهاندا، محەمەد سەید خەڵاتی فێستیڤاڵی یەكەم بۆ فیلمە كورتەكان لە عیراقی فیدراڵیدا بەدەستهێناوە.
سیروان عوسمان محەمەد ناسراو بە (سیروان بێلانە) خەڵاتی باشترین ئەكتەری لاوانی عیراقی بەدەستهێناوە لە ساڵی 1996 ، ئارام پەشێو لە فێستیڤاڵی كوردستانی گەورە بۆ شیعر، كە لە ساڵی 2013  لە هەرێمی كوردستان سازكرا و لەهەر چوار پارچەی كوردستان بەشداری تێدا كرا، خەڵات و بڕوانامەی هاوبەشی فێستیڤاڵەكەی وەرگرتوە، هێمن ئەحمەد لە فێستیڤاڵی جیهانی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان لەساڵی 2005 لەلایەن موجتەبای میرزادە و مەزهەری خالقی بە نوێنەری مۆزیكی كوردی كوردستانی عیراق دەستنیشانكراوە، هەڵۆ جەباری لەساڵی 2013 خەڵاتی فێستیڤاڵی هونەرە میللیەكانی جۆرجیای نێودەوڵەتی وەرگرتوە، تەها یاسین لەلایەن كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان لە یۆتۆبۆری سوید بڕوانامەی پێبەخشراوە لە بواری هونەری نواندن، وریا محەمەد ئەمین زەنگەنە هەڵگری بڕوانامەی دوو پشتوێنی رەشی كاراتییە، كە لەلایەن ژاپۆنەوە پێیبەخشراوە، سەباح موسا راگەیاندنكار لە دیارترین خەڵاتەكانی لەلایەن ماڵی رۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی و زانكۆی كوردستانی سنەوە وەرگرتوە.
بەدەیان لە خەڵكی كەركوك و بگرە لە دەیان زیاتریش خاوەنی رێزلێنان و خەڵاتن لەسەرئاستی عیراق و كوردستان و دەرەوەی وڵات. ئێستاش كەركوك چالاكییەكی زۆر لە هەمو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بواری هونەریدا بەخۆیەوە دەبینێت.
كەركوك هەر بەتەنها بە نەوتەكەیەوە دەوڵەمەند نییە، بەڵكو خەڵكی كەركوك لە نەوتەكەی دەوڵەمەندترن و هەمیشە كەسانی داهێنەر و سەركەوتویان لێهەڵدەكەوێت و هەمیشە جێگای بایەخی شاعیران و نوسەران و هونەرمەندانە بەگشتی و لە روی سیاسییشەوە هەموولایەك هەوڵیداوە سەرنجی ئەو شارە بەلای خۆیدا رابكێشێت و بكەوێتە ژێردەسەڵاتییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group