بەشداری كۆنسوڵی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی توركمانەكان لە هەولێر كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

30/11/2018 محەمەد حەسەن

نەوا- 
بەشێك لە چاودێران و كەسایەتیە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، وێڕای جەختكردنەوە لە مافی توركمانەكان بۆ وەرگرتنی پۆستێكی سیادی لە هەرێم، دژی بەشداری كۆنسوڵی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی حزبەكانی ئەو پێكهاتەیە لە هەولێر دەوەستنەوە و بە دەستوەردان و پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتیەكان لێكیدەدەنەوە، سەركردەیەكی توركمانیش ئامادەبوونی ئەو كۆنسوڵە بە ئاسایی ناودەبات.


دوابەدوای كۆبوونەوەی حزب و لایەنە توركمانیەكان لە هەولێر و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كە كۆنسوڵی توركیاش ئامادەبوو، لایەنە توركمانیەكان داوایان كرد، كە لە كابینەی داهاتووی هەرێمدا پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی حكومەت و وەزارەتێكی سیادیان پێبدرێت و كۆنسوڵی توركیاش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو داواكاریەیان دەربڕی.
بەشداری ئەو كۆنسوڵە، لە كۆبوونەوەیەك كە پەیوەست بووە بە پرسێكی ناوخۆیی هەرێم، كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، لەو بارەوە لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا، عەبدوڵا مەلا نوری، پەرلەمانتاری خولی سێهەمی پەرلەمانی كوردستان، جەختی لەوەكردەوە كە پێكهاتەكانی هەرێم و عێراق، لە ناویاندا توركمانەكان مافی رەوای خۆیانە داوای پۆستە باڵا و سیادیەكان لە هەولێر و بەغدا بكەن، بەو مەرجەی ئەجیندای دەرەكی لە پشت داواكاریەكەیانەوە نەبێت، هەر لەو رووەوە وتی: بەشداری كۆنوسڵی توركیا لەو كۆبوونەوەیە لە رووی یاسایی و دەستوریەوە پێشێلكاریەكی گەورەیە و گومانی گەورە لەسەر رەوایەتی داخوازیەكانی ئەو پێكهاتەیە دروست دەكات.


رونیشیكردەوە، ئەمە بۆ كورد و عەرەب و ههەر پێكهاتەیەكی تریش راستە و لە حاڵەتی هاوشێوەدا گومان لە سەر رەوایەتی داخوازیەكانی ئەوانیش دروست دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی جۆرێك لە رق و قین، بەرهەڵستی، بێ متمانەیی بە یەكتر و لەیەكتر دوركەوتنەوە دێنێتە ئاراوە.

لای خۆشیەوە هەڵمەت غەریب، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، بەهەمان شێوە داكۆكی لەوەكرد كە یەكێك لە پۆستە سیادیەكانی هەرێم بدرێتە توركمانەكان، چوونكە پێی وایە هەنگاوێكی لەو چەشنە لەبەرژەوەندی هەرێم و دەرخەری پێكەوە ژیان و فرەرەنگی هەرێمە و هیچ عەیب و عارێك لەو هەنگاوەدا نیە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەویش بەشداری كۆنسوڵی توركیا لەو كۆبوونەوەیە، بە دەستوەردانی ئاشكرا ناودەبات لە كاروباری ناوخۆی هەرێم، كە ئەمەش بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەكانەوە و دەڵێت:" هیچ نێردەیەكی سیاسی، باڵیۆز یان كۆنسوڵێك بۆی نییە دەست بخاتە كاروباری سیاسی ناوخۆی وڵاتێكەوە و یان بەشدار بكرێت لە كۆبوونەوەی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەكانی وڵاتێكی تر".


جەختیش دەكاتەوە، لەوەی كە پێویستە بەر بەو جۆرە دەستوەردانانەی كۆنسوڵی توركیا بگیرێت و ناكرێت، ئەو كۆنسوڵە بەشداری لە كۆبوونەوەی لایەنە توركمانیەكانی هەرێم بكات، چوونكە ئەو لایەنە توركمانیانە بە پێی یاسای حزبەكانی هەرێم دروست كراون و حزبی عێراقی و كوردستانین و ناكرێت وڵاتێكی دەرەكی وەك توركیا بەشداری كۆبوونەوەكانیان بكات.
هەر سەبارەت بەو بابەتە گەیلان عەباس، توێژەری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا ئاماژەی بەوەكرد، كە بە پێی رێككەوتنامەی 1961 ی ڤییەنا كە تایبەتە بە رێكخستنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان وڵاتان، بەشداری كۆنسوڵی توركیا لە كۆبوونەوەی لایەنە توركمانیەكانی هەرێم لە هەولێر، دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی  و دەكرێت لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا لە هەر دوو ئاستی عێراق و هەرێم هۆشداری بدرێتە ئەو كۆنسوڵە وباڵیۆزەكەیان لە بەغدا، بەوەی ئەو جۆرە دەستوەردانانە مایەی قبوڵكردن نین، هەروەك چۆن توركیا قبوڵ ناكات باڵیۆزی عێراق یان نوێنەری حزبێكی هەرێم لەو ولاتە دەستوەردان بكەن لە پرسی پێكهێنانی حكومەت لە توركیا.


ئەو توێژەرە هۆشداریشی دا لەوەی كە ئەگەر بەر بەو جۆرە دەستوەردانانە نەگیرێت، لە داهاتوودا سەردەكێشێت بۆ دەستوەردانی تر و لێكەوتەی مەترسیداری بەدواوە دەبێت.

لەبەرامبەردا، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و پەرلەمانتاری ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی كوردستان هەر لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا هەرچەندە تەئكیدی لەوەكردەوە كە كۆنسوڵی توركیا تەنها سەردانی شوێنی كۆبوونەوەكەی كردووە و بەشدار نەبووە، باسی لەوەكرد،  حاڵەتێكی ئاسایی و سروشتیە و زۆرجار شاندی وڵاتانی ئەوروپی لە هەولێر و بەغدا لەگەڵ حزب و لایەنە كوردستانی و عێراقیەكان كۆبوونەوە و هەڵوێستەكانی توركیاش داكۆكیكردنە لە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە تایبەتی توركمانەكان، ئەوەش ئاساییە.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group