دوا زانیاری لەسەر تەقەكردن لە پزیشكەكەی سلێمانی ئاشكرا دەكرێت

03/12/2018

نەوا-پێشكەوت عەبدوڵڵا-سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لەهێزە ئەمنییەكان دەكات بە زوترین كات پەلاماردەری پزیشكەكەی شاری سلێمانی دەستگیربكەن، لەبارەی نەشتەرگەرییەكەشی دەڵێت "بەسەركەوتویی قۆناغی یەكەمان ئەنجامدا، كە خۆی لە دەرهێنانی فیشەكەكان دەبینێتەوە".
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، لە نێو كلینیكی تایبەتی خۆی، لەلایەن كەسێكەوە تەقە لە د.كەمال ئەحمەد سەعید كرا و بە سەختی برینداركرا. لەبارەی روداوەكەوە د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، د.كەمال لەژێر نەشتەرگەریدایە و لەئێستادا قۆناغی مەترسی تێپەڕاندوە و لە مردن رزگاری بوە، بەهۆی زۆری ژمارەی فیشەكەكان و هەستیاری شوێنەكانیشی نەشتەرگەرییەكە ماوەیەكی زۆری پێویست بوو، بەڵام دواجار توانراوە رزگار بكرێت.
لەبارەی دوبارەبونەوەی هێرش بۆسەر پزیشكانی شاری سلێمانی، د.سەباح هەورامی وتی "ئەمە چەندینجارە هێرش دەكرێتەسەر پزیشكان، ئەوەی ئێوارەی دووشەممە رویداوە، هەوڵی كوشتن بووە، بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی ئەو جۆرە كارانە دەكەین و سكاڵا تۆماردەكەین، لە تاوانبارانیش خۆش نابین، داواش لەدەزگا ئەمنییەكان دەكەین تۆمەتبارەكان بدۆزنەوە".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جەختیشیكردەوە، كە د.كەمال ئەحمەد سەعید تائێستا هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و زانستی نەبوە، بەڵام ئەو روداوە ترس و دڵەڕاوكێی لەلای پزیشكان دروستكردوە.
لەلای خۆیشیەوە د.تەها مەحوی نەقیبی سەندیكای پزیشكانی كوردستان نیگەرانی خۆیانی دەربڕی و وتی "نۆرینگە پزیشكییەكان بۆ چارەسەری نەخۆشن، نەك بەوشێوازە لەناو نۆرینگەكاندا هێرشبكرێتەسەر پزیشكان. هەروەك هەڵوێستی خۆمان دەبێت، داواكاریشین ئەم كارانە دوبارە نەكرێنەوە، بەزوویی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە رابگەیەندرێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group