نه‌وا-پێشكه‌وت عه‌بدوڵڵا-سلێمانى
دكتۆر سه‌باح هه‌ورامى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى ئاشكرایكرد، ته‌ندروستى دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری، كه دوێنێ له سلێمانى ته‌قه‌ى لێكرا، جێگیره و چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ریشى بۆ ئه‌نجامدراوه.
دكتۆر سه‌باح هه‌ورامى له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، ئه‌و حاڵه‌ته زۆر نه‌شیاوه و وه‌ك پزیشكان و هه‌موو كارمه‌ندانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى ئیدانه‌ى ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه ده‌كه‌ن، هیواداریشن دوبارنه‌بێته‌وه. وتیشی "كاری جدیمان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كردووه بۆئه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و كاره بدۆزرێنه‌وه و روبه‌ڕوى یاسا بكرێنه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌ته‌ندروستى ئه‌و پزیشكه‌ش وتی "دۆخی دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید زۆر خراپ بوو، به‌ڵام به گه‌یشتنى به نه‌خۆشخانه سوپاس بۆ خوا و پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى بۆ ئه‌نجامدراوه و ئێستاش بارودۆخى ته‌ندروستى جێگیره و له مه‌ترسى رزگارى بوه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه پزیشكه‌كان بۆ ماوه‌ى 24 كاتژمێر كلینیكه‌كانیان داده‌خه‌ن؟ وتى "ئه‌و دكتۆره هاوپیشه‌ى ئه‌وانه و ئه‌وانیش هه‌ڵوێستى خۆیان راگه‌یاندووه به‌داخستنى كلینیكه‌كانیان، راسته كاریگه‌رى ده‌بێت، به‌ڵام كاریگه‌ریشى ده‌بێت له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى".
هیواشى خواست حاڵه‌تى له‌و جۆره دوباره‌نه‌بێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر مانگرتن رووبدات كاریگه‌رى له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارى پزیشكى له شارى سلێمانیدا ده‌بێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه نوێنه‌رایه‌تى مامۆستایانى زانكۆى سلێمانى به‌توندى ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید و برینداركردنى ئیدانه ده‌كه‌ن و داواش ده‌كه‌ن ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و كاره به‌زووترین كات ده‌ستگیر بكرێن.
نوێنه‌رایه‌تییه‌كه له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه، ئیدانه‌ى هێرشكردنه‌سه‌ر مامۆستا‌و پزیشكى شاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ده‌شڵێن ئه‌م جۆره كاره نامرۆڤانه ته‌نها له‌كه‌سانى دژ به‌مرۆڤایه‌تى ده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌وه‌ش هاتوه، تیرۆر و تۆقاندن سه‌رجه‌م سنوره‌كان ده‌به‌زێنێت و ته‌نها ئامانج له‌و كارانه دروستكردنى ژینگه‌یه‌كى ناته‌ندروسته بۆ تاكه‌كان و به‌هیچ جۆرێك جێى قبوڵكردن نین، بۆیه داوا له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ن به زووترین كات رێوشوێنى پێویست بۆ ده‌ستگیركردنى بكه‌رانى ئه‌و كاره قێزه‌ونه و رێوشوێنى ئه‌منى توندوتۆڵ به‌مه‌به‌ستى دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌یان بگیرێته‌به‌ر.
نوێنه‌رایه‌تى مامۆستایانى زانكۆى سلێمانى، هیواى زوو چاكبونه‌وه‌ش بۆ دكتۆر كه‌مال ده‌خوازن و ته‌ئكیدیش ده‌كه‌نه‌وه له‌هه‌ر بارێكى نه‌خوازراو و پشتگوێخستندا هه‌ڵوێستى زیاتریان ده‌بێت.
جێى باسه، رۆژى دووشه‌ممه 3-12-2018 له شه‌قامی ئۆرزدی شاری سلێمانی ته‌قه له دكتۆر كه‌مال ئه‌حمه‌د سه‌عید پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری كرا و به‌سه‌ختی برینداربووه، ئێستاش له‌ژێر چاودێرى پزیشكیدایه.