شارەزایەكی ئەمنی: داعش لە عیراق تەنها سێبەری ماوە

10/12/2018 عێراق

نەوا
شارەزایەكی بواری ئەمنی و سەربازی باس لەوەدەكات بە پێی لۆژیكی سەربازی داعش لە عیراق نەماوە و بستێك لە خاكی ئەو وڵاتە نییە كە لە ژێر دەستی دەرنەهێنرابێت، بەڵام وەك هەڕەشە ماوە.
ساڵێك بەسەر راگەیاندنی كۆتایی هاتنی شەڕی داعش لە عیراق تێپەڕدەبێت و سەرباری ئەوەش ناوەناوە جموجۆڵی چەكدارانی سەر بەو رێكخراوە لە هەندێك ناوچە بەدی دەكرێت، لەو بارەوە چەتۆ ساڵح شارەزا لە بواری ئەمنی و سەربازی لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا وتی: "بە پێی لۆژیكی سەربازی داعش لە عیراق نەماوە، ئەوەی ماوە وەك هەڕەشە، پاشماوە و ئەو چەكدارانەن كە پەرتەوازە بوون، وەك بۆچوون و شوێنكەوتوان و ئەوانەی سەرسامن بە بیری داعش ماوە و ئەو رێكخراوە تەنها سێبەری لە عیراق ماوە".
جەختیشی كردەوە، لە هیچ شوێنكدا بستێك خاكی عیراق، گوندێك، ناحیە یان قەزا و شاخێك نەماوە كە بەدەست داعشەوە بوبێت و حكومەتی عیراق نەیتوانیبێت لەدەستی دەربهێنێت.
چەتۆ ساڵح باسی لەوەشكرد، لە هیچ وڵاتێكدا ئاسایش بە شێوەی 100% دابین ناكرێت و هەر وڵاتێكیش بانگەشەی ئەوە بكات، ئەمە لۆجیكی و جێی بڕوا نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group