پێشنیارى كه‌مكردنه‌وه‌ نرخى نه‌وت و موچه‌ ده‌درێته‌ حكومه‌ت

12/12/2018

نه‌وا
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عیراق ئاشكرایكرد، رێنمایی هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى له‌سه‌روو ملیۆنێك یاخود دوو ملیۆن دیناره‌وه‌ن له‌پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2019دا، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌نرخى نه‌وتى خاو وه‌ستاوه‌.
فه‌یسه‌ڵ عیساوى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عیراق له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتى، زیاتر له‌ جارێك موچه‌ى پله‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى موچه‌ى به‌رزیان هه‌یه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ رێنمایی هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و موچانه‌ى له‌سه‌روو ملیۆنێك و دوو ملیۆن دیناره‌وه‌ن به‌رێژه‌ى 5% و 10%.
وتیشى، كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ له‌ سودى بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان و بابه‌ته‌كانى دیكه‌ی ناو پرۆژه‌یاساى بودجه‌یه‌، چونكه‌ زۆرینه‌ى بودجه‌ى عیراق بۆ موچه‌ ده‌ڕوات، به‌وه‌ش ره‌وڕه‌وه‌ى بونیادنانه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان ده‌جوڵێنێت و پشتگیرى زیاترى پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، پێشنیارێك دراوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى خاو له‌پرۆژه‌یاساى بودجه‌دا و لیژنه‌ى داراییش چاوه‌ڕێى بڕیارى حكومه‌ت ده‌كات له‌وباره‌یه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group