داعش لەم ساڵدا مانگانە 75 هێرشی لەعێراق ئەنجامداوە

14/12/2018 عێراق
نەوا-
بەپێی راپۆرتی ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی ئەمریكی، هێرشەكانی داعش لە عێراق بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2016 زیادیان كردووە، بەڵام ژمارەی قوربانیانی ئەو هێرشانە كەمیكردووە.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتیی ئەمریكا (CSIS)، بڵاویكردۆتەوە: داعش لە لووتكەی دەسەڵاتی خۆیدا 30٪ی خاكی عێراقی بەدەستەوە بوو، لە ساڵی 2016 لە نێوان 10 بۆ 25 هەزار چەكداری لە عێراق هەبوو، وەك لە راپۆرتەكەی (CSIS)دا هاتووە ئەوكات مانگانە 60 هێرشی لە عێراق دەكرد.
هەر بە پێی ئەو راپۆرتە، گەرچی  ئێستا داعش 99%ی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتیدا بوون، بەم حاڵەشەوە تێكڕای هێرشەكانیان، مانگانە 75 هێرش بووە.
هەرچەند ژمارەی هێرشەكانی داعش لەچاو ساڵی 2016 بەرزبوونەتەوە، بەڵام ژمارەی كوژراوانی هێرشەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیون. وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە هێرشەكانی 2016دا ژمارەی كوژراوان 6 هەزار و 217 كەس بووە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی دواتر بۆ 5 هەزار و 339 كەس دابەزیوە، ئەمساڵیش كەمبووەتەوە بۆ هەزار و 656 كوژراو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group