ئێران: قسەكانی ترامپ راست نین و داوای دانوستانمان نەكردووە

07/01/2019 جیهان

 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەكاتەوە كە وڵاتەكەی داوای دانوستانی لە واشنتۆن كردبێت و سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا دوو جار ئەمریكیەكان داوای كۆبوونەوەیان لێكردووە و ئەو رەتیكردۆتەوە.
رۆژی یەكشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی كشانەوەمان لە رێككەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سزاكانمان بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە كەوتوەتە بن فشارێكی زۆرەوە، بۆیە چەند جارێك داوایان كردووە لەگەڵیان كۆببینەوە.
لەبەرامبەردا رۆژی دووشەممە بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، قسەكانی ترامپ هەڵقوڵاوی خەون و خولیاكانین و هیچ پەیوەندیەكیان بە راستیەوە نییە.
وتیشی: دەیان ساڵە گەمارۆی ئەمریكامان لەسەرە و هەرگیز خۆمان بۆ سزا ستەمكارانەكانی ئەو وڵاتە نەچەماندۆتەوە.
لە لایەكی ترەوە عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاندووە، لە دوا سەردانیدا بۆ ئەفغانستان دوو جار ئەمریكیەكان پەیامیان بۆناردووە و داوایان كۆبوونەوەیان لێكردووە، بەڵام ئەو رەتیكردۆتەوە، هەروەك جەختیشی كردۆتەوە لەوەی قسەكانی ترامپ بێ بنەمان و هەرگیز تاران داوای دانوستانی لە واشنتۆن نەكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group