كۆنفرانسەكەی وارشۆ ترس و نیگەرانی دەخاتە دڵی بەرپرسانی ئێرانەوە

20/01/2019 محەمەد حەسەن

نەوا- 

بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو شاری وارشۆ میوانداناری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بكات كە لە لایەن ئەمریكاوە رێكخراوە تەوەری سەرەكی كۆنفرانسەكە تایبەتە بە مەترسیەكانی ئێران لەسەر ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیەش كاربەدەستانی تاران بە چەندین شێوە دژی ئەو كۆنفرانسە وەستاونەتەەوە، لە گرتنەبەری رێوشوێنی دیپلۆماسی دژی پۆڵۆنیا تا بەچاوكۆڵینەوەی حەواندنەوەی ئاوارە پۆڵۆنیەكان لە میانی جەنگی دووەمی جیهانی.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرای كرد، كە لە 13 و 14 ی شوباتی ئەمساڵ لە وارشۆ، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەكیش مەترسیەكانی ئێرانە بۆ سەر ناوچەكە، هەر زوو بەرپرسانی تاران هەڵوێستیان وەرگرت و دژی وەستانەوە.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئەو كۆنفرانسە، هەنگاوێكی هەڵە و بەپێچەوانەی رێسا و رێكارەكانی یاسای نێودەوڵەتیە و جەختیشی كردەوە، كاردانەوەی ئێران زۆر جدی و توند دەبێت و هیچ چاوپۆشیەك لەو رووەوە ناكرێت و پێویستە پۆڵۆنیا بەرپرسیارێتی دەرەنجامەكانی میوانداری كردنی كۆنفرانسێكی لەو جۆرە هەڵبگرێت.
لەیەكەم هەنگاودا وەزارەتی دەرەوەی ئێران، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی پۆڵۆنیا لە تارانی بانگهێشت كرد و بەهۆی میدانداری ئەو كۆنفرانسەوە،  نیگەرانی و ناڕەزایەتی وڵاتەكەی پێگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەوەوە نەوەستا و ڤیزای گەشەتیاری بۆ هاوڵاتیانی پۆڵۆنیا راگرت و هەفتەی فیلمی پۆڵۆنیاشی هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو سەرەتای مانگی داهاتوو لە تاران، ئەسفەهان، شیراز و مەشهەد بەڕێوەبچێت.
هەر لە چوارچێوەی ئەو كاردانەوانەدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و عەباس عێراقچی، جێگری لە رێگەی هەژماری خۆیانەوە وێنەكانی ئاوارە پۆڵۆنیەكانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمیان بڵاوكردۆتەوە، كە دوای رزگابوونیان لە ئوردوگا زۆرەملیەكانی سۆڤیەت لە رێگەی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و ئەوەیان بە بیری ڤارشۆ هێناوەتەوە، كە وڵاتەكەیان سەردەمانێك ئەو چاكەیەی بەرامبەر بە پۆڵۆنیەكان كردووە و حەق نییە ئێستا ئەو وڵاتە بە میوانداری كردنی كۆنفرانسێكی دژە ئێرانی خراپەیان بەرامبەر بكات.
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا، بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە، وڵاتەكەی بە مافی خۆی دەزانێت میوانداری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بكات كە ئامانج لێی چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێچەوانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەشێكی تر لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدەن لە بایەخی كۆنفرانسەكە كەمبكەنەوە و دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیانیان كە نەیارانی وڵاتەكەیان هیچیان لەو جۆرە كۆنفرانسانە دەستناكەوێت.
لەو چوارچێوەدا عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاندووە: مرۆڤێك كە باس لەوەدەكات لە رێگەی گەمارۆوە فشارەكان دەگەیەنێتە لوتكە، كاتێك پەنا بۆ سمینار و كۆنفرانس دەبات، ئەمە بەو مانایە دێت كە دەستی لە بن هەمبانەكە دەرچووە.
لای خۆشیەوە كەمال دیهقانی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران پێی وایە، ئەمریكا بەو هەوڵەی دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی و وەك ئەو باسی لێكردووە وڵاتانی"دواكەوتووی ناوچەكە" پەلكێشی لای خۆی بكات، بەڵام جەختی كردۆتەوە لەوەی كە دواجار ئەنجامەكانی كۆنفرانسی وارشۆ لە بەرژەوەندی ئێران دەشكێتەوە.
كۆنفرانسەكە دوای گەشتەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە تیایدا پرسی مەترسیەكانی ئێران و گروپە چەكداریەكانی لایەنگری لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن بۆ سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری سەرەكی ئەو دیدارانە بوون و پێشبینیش دەكرێت وڵاتانی وەك میسر، سعودیە، ئۆردن، ئیمارات و ئیسرائیل لە ئاستێكی باڵادا بەشداری لە كۆنفرانسەكەی وارشۆ بكەن.
بەڕێوەچوونی ئەو كۆنفرانسە لە چل ساڵەی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، وایكردووە هەندێك لە چاودێرانی ئێرانی خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بكەن، كە هۆكاری سڵەمینەوە و كاردانەوە توندەكانی بەرپرسانی تاران بەرامبەری بۆ لێكچوونی ئەو هەنگاوە لەگەڵ كۆبوونەوەیەكی داخراوی سەركردەی وڵاتانی زلهێز بێت لە كۆتا مانگەكانی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران.
كۆتایی ساڵی 1978 سەركردەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە گوادیلۆپ كۆبوونەوە، هەرچەندە ناوەرۆكیی ئەو كۆبوونەوەیە بە تەواوەتی نەزارناوە، بەڵام باس لەوەدەكرێت وڵاتانی زلهێز رێككەوتبوون كە چیتر پشتگیری دەسەڵاتی محەمەد رەزا شای پەهلەوی نەكەن، هەر دوای ئەو كۆبوونەوەیەش بە چەند مانگێك و لە شوباتی 1979 كۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران هێنرا.
لە ئێستاشدا چالاكوانانی بەرهەڵستكاری ئێرانی لە رێگەی هاشتاگێكەوە پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەی وارشۆ دوپاتدەكەنەوە و ئومێدێمكی زۆریان هەیە كە ئەو كۆنفرانسە كۆتایی بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group