بەڕێوبەری ناحیەی جەلەولا: مەرج نییە داعش لە پشت هەموو هێرشەكانی ناوچەكەوە بێت

23/01/2019 عێراق

 

بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە رایگەیاند، ئەو هێرشانەی شەوان دەكرێنە سەر گوندەكانی سنووری ناحیەكەی و قەزای خانەقین، مەرج نیە تەنها داعشیان لە پشتەوە بێت.
شێخ یەعقوب لهێبی، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە كە هاوكات سەرۆك عەشیرەتێكی عەرەبی سونەشە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندوە، "ئەو هێرشانەی شەوان دەكرێنە سەر گوندەكان گەر بڵێی داعش نین، داعشن، ئەگەر بیشڵێی حەشدی شەعبی نین، حەشدیشن، هەموو لایەك دەستیان لەو هێرشانەدا هەیە."
سەبارەت بە هۆكاری هێرشەكان، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا وتی، "بەشێك لە هێرشەكان بۆ پارە لە خەڵك وەرگرتنن، بە خەڵك دەوترێ، پارەمان نەدرێتێ، بۆمبتان بۆ دادەنێین و دەتانكوژین".
بەشێك لەو گوندانەی سنووری قەزای خانەقین و جەلەولا كە هێرشیان دەكرێتە سەر، گوندی كوردنیشینن، بۆیە بەشێك لە بەرپرسانی كورد پێیانوایە پلانی چۆڵكردنی ناوچەكە بە كوردەكان لە پشت هێرشەكانەوەن، بەڵام یەعقوب لهێبی، پێیوایە كوردەكان ماڵ و دوو ماڵ نین، تا ناوچەكەیان پێ چۆڵ بكرێت، دەڵێت"هێرشەكان كاریگەریان لەسەر كورد نابێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group