پرۆژەیاسای بودجەی عیراق پەسندكرا و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش جێگیركرا

24/01/2019 عێراق

نەوا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2019ی عیراق پەسندكرا و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگەش جێگیركرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رادیۆ نەوا، دەوروبەری كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق دەنگدانی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 تەواوكرد و مادەكانی ناو پڕۆژەیاساكەی پەسند كرد.
یەكێك لەو بڕگانەی پەیوەندی بە فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگەوە هەیە، هەرزوو پەسندكرا و لەمەودوا ناردنی ئەو موچەیە ناچێتە چوارچێوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی بڕگەی ئەلف لە مادەی 10ی بودجە، دەبێت هەرێم رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و لە بەرانبەردا عیراق سەرجەم بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەكات كە بریتییە لە 12.67%ی كۆی گشتی بودجەی عیراق.
هەروەها لە بڕگەی جیمی مادەكەدا هاتووە، ئەگەر هەرێم پابەندنەبوو بەو بڕگەیەی سەرەوە، ئەوا عیراق پشكی هەرێم لە بودجە نانێرێت، جگە لە موچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە نەبێت.
جێی باسە ئەوە یەكەم پڕۆژەیاسایە لەم خولەی ئێستای پەرلەمانی عیراقدا پەسند بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group