په‌رله‌مانتارێكی پێشوی پارتی: بونى توركیا له‌ عیراقدا ناشه‌رعییه‌

31/01/2019

نه‌وا
ماجد شنگالى په‌رله‌مانتارى پێشووى پارتى له‌ به‌غدا ده‌ڵێت "بوونى سوپاى توركیا له‌ عیراقدا نایاساییه‌ و پشتگیرى خه‌باتى كورده‌كانى توركیا و ئێرانیش ده‌كه‌ین به‌و مه‌رجه‌ى له‌ناو خاكى خۆیاندا بێت".
شنگالى به‌ماڵپه‌ڕى ئیخباریه‌ى عیراقى وتوه‌، بوونى سوپاى توركیا له‌ عیراقدا ناشه‌رعییه‌ و سنورى تێپه‌ڕاندوه‌، كه‌ به‌پێى رێكه‌وتنه‌كان پێویسته‌ له‌ 20 كیلۆمه‌تر زیاتر نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام 100 كیلۆمه‌تر هاتوه‌.
ده‌شڵێت "پارتى پشتگیرى مافه‌كانى كورد ده‌كات له‌ توركیا و ئێراندا، به‌ڵام پێویسته‌ خه‌باته‌ چه‌كداریه‌كه‌یان له‌ناو خاكى خۆیاندا بێت نه‌ك خاكى عیراق تا بیانو نه‌ده‌نه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ سنوربه‌زاندن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پێشوو داوا له‌ به‌غدا و هه‌ولێریش ده‌كات هه‌ڵوێستى فه‌رمى خۆیان له‌باره‌ى بوونى هێزى توركى رابگه‌یه‌نن و له‌ رێگه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربكه‌ن.
ماجد شنگالى رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، بیانوى ئه‌نقه‌ره‌ بۆ به‌زاندنى سنور بوونى رێككه‌وتنى نێوان توركیا و عیراق و سوریایه‌ له‌ساڵى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌شى له‌ شیلادزێ روویدا خۆپیشاندانى هێمنانه‌ بوو، به‌ڵام لایه‌نێكى سیاسى شێواندى.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى پارتى، په‌كه‌كه‌ش به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت شه‌ڕه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ توركیادا بهێنێته‌ خاكى هه‌رێم و پارتیش رێگه‌ به‌وه‌ نادات و داوایان لێده‌كات خاكى عیراق جێبهێڵن و بچنه‌وه‌ توركیا بۆ شه‌ڕكردن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group