بڕیارێكی نوێ لە بارەی دروستكردنی خانوو جێبەجێ دەكرێت

08/02/2019

 

سەرۆكایەتی‌ شارەوانی‌ سلێمانی‌، بڕیارێكی‌ نوێی وەزارەتی شارەوانی‌ بۆ دروستكردنی‌ خانوو لەشارەكە جێبەجێدەكات، بەرپرسێكی‌ شارەوانیش، رایدەگەیەنێت: چیتر رێگە نادرێت زەوی 200 مەتری دابەشبكرێت و دوو خانووی لەسەر دروستبكرێت.
ئەحمەد ڕەشید، ئەندامی بۆردی هونەری‌ و یاسایی لەسەرۆكایەتی‌ شارەوانی‌ سلێمانی‌، بە سایتی ئێس ئێن ئێنی راگەیاندوە: بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكەی وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزاری هەرێم، بەهیچ شێوەیەك رێگا نادرێت زەویی 200 مەتری، یان رووبەری زیاتر، دابەشكبرێت بۆ دوو پارچە زەوی، بۆ ئەوەش دەبێت مۆڵەتەكە وەك خۆی بمێنێتەوە.
وتیشی: ئەو بڕیارەی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزار، كە ئاراستەمان كراوە بۆ بەشكردنی‌ زەوی بۆ دوو بەش یاخود زیاتر، ئێمە گشتاندنمان بۆ كردووە بۆ شارەوانییەكانی‌ راپەرین و تاسڵوجە و هەردوو شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی‌.
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە خانووی 100 مەتری، ئەو بەپرسەی شارەوانی ئاشكرایكرد، بڕیارەكە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكات زەوییەك ئەگەر رووبەرەكەی‌ 100 مەتر دووجا بێت، مۆڵەتی‌ دروستكردنی خانووی پێنەدرێت، بەڵكو مەرجی بۆ دانراوەو دەبێت زەوییەكە لە 100 مەتر كەمتر نەبێت و پێشی زەوییەكە لەپێنج مەتر زیاتر بێت، ئەو كات مۆڵەتی‌ دروستكردنی‌ خانووی پێدەدرێت.
ئەحمەد ڕەشید جەختیشی كردۆتەوە، بەهیچ شێوەیەك رێگا بە ئیفرازكردنی‌ زەوی و دابەشكردنی‌ نادرێت، هەروەها مۆڵەت بە دابەشكردنی زەویی 200 مەتری بۆ دوو پارچە زەوی 100 مەتری نادرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group