یەكێتی هۆشداری بە پارتی دەدات

18/02/2019

نەوا
شەوی دووشەممە 18-2-2019 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاوكردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

دەقی راگەیەندراوەكە:

لە كاتێكدا كە جەماوەری گەلەكەمان و دۆستانمان لەناوەوەو درەوەی هەرێم لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون، لەپاش تێپەڕبونی نزیكەی چوار مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لەدەرئەنجامی ڕێككەوتنێكی گشتگیری هەمەلایەنە لە نێوان لیستە براوەكاندا و بەشداربوانی ئەم خولەی پەرلەمان، ئەنجامدانی دانیشتنی تەواوكاری پەرلەمان بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەنگاونان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام جێگای سەرسوڕمانی هەموو لایەك بوو كە ‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بە هاوكاری و هەماهەنگی چەند لیستێكی بچوكی تر بەدەر لە ڕێككەوتن لەگەڵ دووهەمین لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان كە لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە،سەبارەت بە شێوزای حكومرانی و پلان و بەرنامەی هاوبەش بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەلكی كوردستان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستان، هەروەها بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەندو ئاسایكردنەوەی دۆخی ناسروشتی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی تر بە شێوازێكی پەلەپرۆزێیانە كۆبوونەوەی پەرلەمانیان بە كەمو كوڕیەكی زۆری سیاسی و یاساییەوە ئەنجامدا، كورد ووتەنی (گرێی دەستیان خستە دەم)، لە كاتێكدا كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەیان تەنها بۆ ماوەی بیست و چوار كاتژمێر كردبوو بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێگا چارەی گونجاوو لەسەر تێپەڕاندنی جیاوازیەكان، بەڵام بەداخەوە لەوەشدا بڕیاری نابەرپرسانە دراو كۆبوونەوەكەیان بەو شێوازە ئەنجامدا كە هەموو لایەك بینیمان هەر بۆیە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێبینی زۆری لەسەر ئەو دانیشتنە هەیەو پێمان وایە كە ئەوە خزمەت بە بەرەو‌ پێشچوونی پرۆسەی سیاسی و لێكەوتەكانی لەداهاتوودا لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە ناكات.

‎مەكتەبی سیاسی

‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان
18-2-2019


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group