هۆڵەندا بۆچاككردنی سەرچاوەكانی ئاو لەعێراق تەنیا پشت بەبەخشینی‌ دارایی نابەستێت

20/02/2019 جیهان

نەوا-نیاز عەبدوڵڵا- لاهای

باڵیۆزی گەشەپێدانی بەردەوامی و بەڕێوبەری بە سەوزاییكردن لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموون مامەڵە دەكەن نەك بە تەینا پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی بۆ باشكردنی سەرچاوەكانی ئاو و ژینگە لە عێراق.
لە گۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لە‌ كۆنفرانسی ئاسایشی گەردوون و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندا، كارۆلا ڤان ریجن سۆڤەر باڵیۆزی گەشەپێدانی بەردەوامی و بەڕێوبەری بە سەوزاییكردن لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، لە وەڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەوا سەبارەت بە چۆنییەتی پێشكەشكردن و‌ جۆری سەرچاوەكانی هاوكاریی دارایی و گەشەپێدانی توانای مرۆیی بۆ بووژانەوەی كەرتی ئاو و ژینگە لە عێراق، وتی "ئێمە لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی شارەزایی مامەڵەدەكەین نەك بە تەنیا پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی".
بڕیاربوو لە كۆنفرانسەكەدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ئامادەبێت، بەڵام لەبری خۆی بەڕێوبەرێكی گشتی بەنوێنەرایەتی نارد، بۆیە لەبارەی ئامادەنەبوونی بەرپرسانی یەكەمی تایبەت بە كێشەكانی ئاو و ژینگەی عێراقی، كارۆلا ڤان ریجن سۆڤەر وتی " بڕیاربوو وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق ئامادەی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی گەردوون بێت لە لاهای، بۆئەوەی لەماوەی هەفتەیەك سەردانی دامەزراوەكانی ئاو لە هۆڵەندا و چۆنییەتی بەڕێوەچوونیان بكەین، بەتایبەت هۆڵەندا ئەزموونێكی گرنگی مێژوویی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو هەیە‌، بەڵام ئەو بەرپرسانە ئامادەنەبوون".
لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندا رۆژانی 19 و 20ی ئەم مانگە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی گەردوون بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی گۆڕانكاری و مەترسییەكانی تێكچوونی كەش و هەوا بەڕێوەچوو، كە لە لایەن رێكخراوی ستانلی فاوندەیشن بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگە و گۆڕانكارییەكانی و رێكخراوی فری پێرێس-ی هۆڵەندی رێكخرابوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group