ئەمریكا: رژێمی ئێران مافیایەكی ئایینی گەندەڵە

20/02/2019 جیهان

 

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، حكومەتی ئێران بە رژێمێكی مافیایی گەندەڵ ناودەبات و دەڵێت: ئاواتەخوازین رۆژێك كلیلەكانی باڵیۆزخانەی داخراوی ئەو وڵاتە لە واشنتۆن بدەینە نوێنەرانی راستەقینەی خەڵكی ئێران.
لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە واشنتۆن، برایان هۆك نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند: ئاواتەخوازین رۆژێك بێت و كلیلەكانی ئەو بینایە بدەینەوە بە حكومەتێك كە نوێنەری راستەقینەی ئێرانیەكان بێت.
وتیشی: دواجار دەبێت خەڵكی ئێران ئازاد بن و خۆیان یاسا و رێبەرەكانیان هەڵبژێرن، نەك رژێمێكی مافیایی ئایینی گەندەڵ، هەڵبژاردنیان بۆ بكەن.
وتیشی: هیوادارین حكومەتێك لە ئێران دەسەڵات بگرێتە دەست كە لە بری كاركردن بۆ چەسپاندنی ئایدۆلۆجیایەكی بێزراو، لە پێناو بەرژەوەندی و ئیرادەی گەلی مەزنی ئێرانیدا كاربكات.
جێی باسە بە ماوەیەكی كورت دوای شۆڕشی 1979، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران لە لایەن خوێندكارانی شوێنكەوتووی خومەینیەوە داگیركرا و لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندیەكی دیپلۆماتی راستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نییە و باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە واشنتۆن 40 ساڵە داخراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group