ئێران رەتیدەكاتەوە بە هاوبەشی توركیا هێرشیان كردبێتە سەر پەكەكە

18/03/2019 جیهان

 

فەرماندەیەك لە سەرۆكایەتی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بەشدار بێت لە هێرشی توركیا بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان.
میدیاكانی ئێران لە زاری فەرماندەیەك لە سەرۆكایەتی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاویانكردۆتەوە، كە هێزەكانی سەر بە حكومەتی تاران هیچ هێرشێكی هاوبەشیان لەگەڵ توركیا بۆ سەر پەكەكە دەستپێنەكردوە.
راشیگەیاندووە: سوپای توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنی لە دژی پەكەكە دەستپێكردووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاندبوو، دوای زنجیرەیەك دیدار، لەگەڵ ئێران رێككەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش بۆ سەر پەكەكە و لە رۆژی دووشەمەوە هەنگاوی كرداریان بۆ ئەو مەبەستە هەڵگرتوە.
هاوكات میدیاكانی توركیاش لە زاری حسێن زولفەقاری، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە بڵاویانكردبوەوە، كە تاران ئامادەیە لەگەڵ ئەنقەرە دژی پەكەكە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group