"سەدر هەوڵی دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی دەدات"

20/03/2019 عێراق

 

دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە كە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر، بە مەبەستی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەستی بە هەوڵەكانی كردووە.
بەپێی ژمارەیەك هەواڵ كە لە میدیای عێراقیدا بڵاوكراونەتەوە، بانگەشەی ئەوە كراوە، موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانیی سائیرون، كە هاوپەیمانییەكەی لە دوایین هەڵبژاردندا پلەی یەكەمی بەدەست هێنا، دەستی بەهەوڵەكانی كردووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی كە وەك كاندیدی هاوبەشی شیعەكان لە پەرلەماندا هەڵبژێردراوە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی عەبدولمەهدی لە تشرینی یەكەمی 2018ەوە كە دەستبەكاربووە، نەیتوانیوە ئەدایەكی باش لە رووی خزمەتگوزارییەوە پێشكەش بكات.  
ئاماژە بەوەشدەكرێت سەدر پلانی وایە بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی، بانگەواز لە هاوپەیمانییەكەی لە پەرلەمان و لایەنگرانی بكات و باس لەوەشدەكرێت ناوبراو بیر لە دانانی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی لە جێگەی عەبدولمەهدی دەكاتەوە. 
بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووی سەرۆكوەزیران لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا پلانە تازەكەی سەدری پشتڕاستكردەوە و وتی: "ساڵانێكی زۆر لای سەدر سیاسەتم كردووە. موقتەدا سەدر ئەگەر بۆ ماوەیەك دیارنەمێنێت، بزانن كە بە پڕۆژەیەكەوە دێتەوە. پێشتریش هەر وەها بووە". 
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمجارەش سەدر بە پڕۆژەیەكەوە دەگەڕێتەوە كە هاوسەنگیی سیاسی دەگۆڕێت و گرنگیی شۆڕشێكی دەبێت و رایگەیاند، عەبدولمەهدی كە شكستیهێناوە لە بەڕێوەبردنی ئەركەكانی دەوڵەتدا، ئەگەری هەیە دووربخرێتەوە و عەبادی لە شوێنی دابنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group