توركیا و ئێران دژی لێدوانەكەی ترەمپ لەسەر جۆلان دەوەستنەوە

22/03/2019 جیهان

 

وەزارەتەكانی دەرەوەی توركیا و ئێران نیگەرانی خۆیان لە لێدوانی سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی داننان بە سەروەری ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان نیشان دەدەن و پێیان وایە رەوشی ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێگەی تویتێكیەوە رایگەیاند، دوای 52 ساڵ كاتی ئەوە هاتووە دان بنرێت بە سەروەری ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان.
لەو باەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند: "وڵاتەكەی پاڵپشتی یەكێتی خاكی سووریا دەكات".
وتیشی: "هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پێدانی شەرعییەت بە پێشێلكارییەكانی یاسای نێودەوڵەتی لە لایەن ئیسرائیلەوە جگە لە توندوتیژی و ژان بە ناوچەكە هیچی دیكەی لێ ناكەوێتەوە".
لای خۆشیەوە بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "رژێمی ئیسرائیل مافی بەسەر خاكی عەرەب و موسڵمانانەوە نییە، دەبێت بە پەلە كۆتایی بە هەوڵەكانی داگیركاری و پێشێلكارییەكان بهێندرێت". 
قاسمی سەرنجی بۆ ئەوە راكێشاوە كە ناكرێت لێدوانی ترەمپ وا لێك بدرێتەوە كە تەنها پەیوەندی بە خاكی سووریاوە هەیە و دەڵێت: " خۆی ئەو بڕیارە ئەو ناوچە هەستیارە پەلكێشی كێشەی دیكە دەكات. ئەو ناوچەیە بەپێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خاكێكی داگیركراوە". 
جێی باسە پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی روسیا دژی لێدوانەكەی ترەمپ وەستابووە و بە بڕیارێك لە دژی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتیەكان ناویبردبوو.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 ەوە دەستی بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا گرتووە، كە بەشێكن لە خاكی سوریا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group