بەناوبانگترین فایلە دزەپێكراوەكانی ویكیلیكس كە جیهانی هەژاند

15/04/2019

نەوا
دوای 7 ساڵ لەمانەوەی لە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە "جولیان ئاسانج" دامەزرێنەری ماڵپەڕی بەناوبانگی "ویكیلیكس"یان دەستگیركرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئیكوادۆر مافی مانەوەی لە ئاسانج سەندەوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئاسانج بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لەڕێگەی چێلسی ماننگ شیكەرەوەی داتا لە هەواڵگری جەنگیی ئەمریكییەوە ژمارەیەكی زۆر زانیاری و داتای لە حكومەتی ئەمریكا دزیوەو بڵاویكردوەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانیش ئەگەر ئەو تۆمەتانەی بەسەردا ساغبوەوە ئەوا سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
لەسەرەتای دامەزراندنی، ماڵپەڕی ویكیلیكس لەساڵی 2006ەوە ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد ئەوەش بەهۆی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاویكردەوە، كە سەرجەم بوارەكان دەگرێتەوە هەر لەتاوانەكانی جەنگ و ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكاوە بۆ بواری سینەماش.
لەدیارترینیان:

هێرشی هێلیكۆپتەر لە عیراق
لەساڵی 2010دا، ویكیلیكس گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، كە تێیدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكی سەرەڕای ئەوەی دەزانێت هاووڵاتی مەدەنی لەسەر شەقامێكن لە شاری بەغدا، بەڵام دەیانكاتە ئامانج و دەیانكوژێت و دەنگی فڕۆكەوانەكانیشی بڵاوكردوەتەوە، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێك دێت بۆئەوەی بریندارەكان بگوازێتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەش دەكاتە ئامانج، بەهۆی ئەوەشەوە وێنەگرێكی ئاژانسی رۆیتەرز و هاوكارەكەی كوژران.

هەواڵگری جەنگیی ئەمریكی


ئەو بەڵگەنامانەی لەسەر هەواڵگری جەنگیی ئەمریكی بڵاوكرانەوە، چەندین بەڵگە لەخۆدەگرێت وەك كوشتنی سەدان هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای ئەمریكا لە ئەفغانستان. هەروەها ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە عیراق زۆر زیاترە لەوەی ئەمریكا باسی دەكات، هەروەك بەڵگە لەسەر ئەشكەنجەدانی زیندانیكراوانی لە عیراق تێدایە.
ئەو بەڵگانە، نامەی 250 هەزار دیپلۆماسی ئەمریكیشی تێدابوو، كە باس لە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر بەرپرسە گرنگەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، لەوانەش شێوەی چاو و DNA و پەنجەمۆر.

نامەكانی 11ی سێپتەمبەر

ماڵپەڕەكە بەڵگەیەكی بڵاوكردوەتەوە و 573 هەزار نامەی تێدایە، كە ئامێری ئاگاداری تایبەت بە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری سەر ئەمریكا كۆیكردونەتەوە و چەندین بابەتی جیاواز لەخۆدەگرێت، سەرەڕای ئەوەش چەندین نامەی بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی هیلاری كلینتۆن بڵاوكراونەتەوە و چەندین بەڵگەش لەسەر ئەوەی هەوڵدراوە هیلاری لەسەر رێگە لاببرێت.

سیخوڕی بەسەر بەریتانیاوە
ویكیلیكس لەساڵ 2008دا ناو و ناونیشان و داتاو زانیاری 13 هەزار ئەندامی پارتی نیشتمانیی بەریتانیای بڵاوكردەوە، كە تێیدا چەندین بابەتی هەستیاری تێدایە لەوانەش پێشنیارەكان بۆ رێگەگرتن لە كۆچ لە وڵاتانی ئیسلامییەوە و رازیكردنی ئەوانەی لەوێ‌ نیشتەجێن بۆ جێهێشتنی بەریتانیا.

هاككردنی كۆمپانیای "سۆنی پیكچەرز"
ویكیلیكس 170 هەزار نامەی ئەلیكترۆنی و 20 هەزار بەڵگەنامەی تایبەت بەكۆمپانیای سۆنی پیكچەرزیشی بڵاوكردەوە، كە هاككرابوون و تێیدا چەندین بابەتی هەستیار ئاشكراكراون لەوانەش بەهۆی فیلمی "چاوپێكەوتن" كە تێیدا گاڵتە بە كیم جۆنگ ئون سەركردەی كۆریای باكور دەكات، هێرشی ئەلیكترۆنی كراوەتە سەر كۆمپانیاكە، هەروەها لە فیلمی "ئەمریكان هاسڵ" ئەكتەرە كچەكانی وەك جێنیفەر لۆرانس و ئیمی ئادامز پارەی زۆر كەمتر لە ئەكتەرە پیاوەكانیان وەرگرتوە.
لەبەڵگەكاندا هاتووە، دەرهێنەران و كارمەندانی كۆمپانیاكە لەنامە گۆڕینەوەكانیاندا ئیهانەی چەندین ئەستێرەی فیلمیان كردووە لەوانەش "ئەنجلینا جولی"، هەروەها "لیۆناردۆ دی كاپریۆ"یان بە "بێ نرخ" ناوبردووە ئەوەش دوای ئەوەی رۆڵی لە فیلمێكی كۆمپانیای سۆنی پیكچەرزدا رەتكردوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group