ترەمپ هۆشداری دەداتە ناتانیاهو

15/04/2019 جیهان

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان تەل ئەبیب و پەكین-ەوە هۆشداریی داوەتە بێنیامین ناتانیاهو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل،.
بەپێی هەواڵێكی كەناڵ 13ی ئیسرائیل، ترەمپ لە كۆبوونەوەكەی 25ی ئاداردا لە كۆشكی سپی لەگەڵ ناتانیاهو، هۆشداریی داوەتە ناوبراو لەبارەی زیانی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و چین بۆسەر هەماهەنگییە ئەمنییەكانی واشنتۆن-تەل ئەبیب.
لە هەواڵەكەدا پشت بەست بە قسەكانی بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل هاتووە، ترەمپ هەڕەشەی لە ناتانیاهو نەكردووە، بەڵام ویستوویەتی ئاگاداری پێشهاتەكانی نێوان تەل ئەبیب و پەكین بێت.
تا ئێستا ناتانیاهوو هیچ روونكرددنەوەیەك لەبارەی هەواڵەكەوە بڵاونەكراوەتەوە.
سەرەتای مانگی كانوونی دووەم رابردوو جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، لە میانی سەردانەكەی بۆ قودسی رۆژئاوا، هۆشدارییەكی هاوشێوەی ئاراستەی ئیسرائیل كردبوو.
راگەیاندنەكانی ئەمریكا بلاویانكردبوەوە، جۆن بۆڵتن لە میانی سەردانەكەیدا نیگەرانیی ئەمریكای لەبارەی هەڵكشانی هەژموونی چین لەنێو سوپا و پیشەسازیی تەكنەلۆجیای ئیسرائیلدا دەربڕیبوو. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group