عەلی حەمە ساڵح: هۆكاری دواكەوتنی موچە نەناردنی پارەیە لە بەغداوە

16/04/2019

 

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوە لە بارەی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات و رایدەگەیەنێت، تا ئێستا لە بەغداوە هیچ برە پارەیەك نەهاتووە و بڕیارە 17ی ئەم مانگە پارەكە بگات.
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە: "هەفتەیەك مووچەی فەرمانبەران دواكەوتوە" و بەدواداچوونیان بۆ ئەنجامەكانی كردووە.
لە بارەی ئەنجامەكانەوە دەنووسێت: "مانگی پێشوو 724 ملیار دینار لە بەغداوە هاتووه، ئەم مانگە تا ئەم ساتە هیچ بڕێك نەهاتووەو بڕیارە 17 مانگ بنێردرێت، ئەمەش پێویستی بە واژوی وەزیری داراییەو پێویستە لە بەغدا بێت، ئێستا لە لەندنە، بۆیە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و هیچ بڕیارێكی كەمكردنەوە نیە لە ئێستادا، بۆیە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بە پشتبەستن بە پارەی بەغدا دەكەوێتە هەفتەی ئایندە".
راشیگەیاندووە: "بڕێكی زۆری پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان نادیارە، ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، كۆی داهاتی مانگانەی نەوت كە دەدرێتە مووچە 350 ملیار دینارەو بەمەش لە هەر بەرمیلێك هەرێم تەنیا 23 دۆلاری دەمێنێتەوە لە كاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 70 دۆلارە".
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی وتووە: "حكومەتی عیراق نیەتی هەیە، لە چەند مانگی ئایندەوە لەو پشكەی لە بودجەی گشتی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، بەبڕی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نرخی سۆمۆ لە پشكی هەرێم ببڕدرێت ئەمەش زیانە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم كەمترە لە سۆمۆ".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی باسكردووە: "پێشنیاز دەكەین حكومەتی هەرێم و عیراق رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر دۆسیەی نەوت بكەن، ئیهمالكردن زیانی گەورە بە هەرێم دەگەیەنێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group