"دوای بڕیارەكەی ئەمەریكا، هەرێم سوتەمەنی لە ناوەند و وڵاتانی دیكەوە دەهێنێت"

23/04/2019 جیهان

 

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت: "بڕیارەكەی ئەمریكا لە بارەی مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ئێران كاریگەری ئەوتۆی لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت و لە هەوڵداین بۆ هێنانی سووتەمەنی لە وڵاتانی تر و عێراقەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەو هۆیەوە دروست دەبێت".
رۆژی دووشەممە 22 ی نیسان كۆشكی سپی رایگەیاند: لەسەرەتای مانگی داھاتووەوە مۆڵەتی بەخشینی سزاكانی ئەمریكا لەو وڵاتانەی مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ئێران دەكەن درێژ ناكرێتەوە.
لەو بارەوە سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە بارەی كاریگەری ئەو بڕیارە لەسەر ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو بڕیارە نوێیانەی ئەمریكا دەریكردووە هاوردەكردنی سووتەمەنیش لە ئێرانەوە دەگرێتەوە، بەڵام عێراق دەروازی زۆری كراوەی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە و مەرج نییە تەنها سووتەمەنی و بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە بكەین و لە رێگەی دەروازەكانی ترەوە سووتەمەنی هاوردە دەكەین، هەورەها چەند پاڵاوگەیەكی نوێش لە عێراق دروستكراون".
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا تاوەكو ئەو بڕە بەنزینەی لە شارەكانی تری عێراق دەدرێتە هاووڵاتییان شارەكانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و حكوومەت و پارێزگاری سلێمانی لە پەیوەندیدان تاوەكو ئەو بۆشاییەی هەیە لە رێگەی بەغداوە پڕ بكرێتەوە.
وتیشی: "ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئامادەكاری و دەستپێشخەریمان بۆ ئەو دۆخە كردووە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و بازرگانەكان قسەمان كردووە و زۆربەی بازرگانەكان ئێستا لە بەسرەوە بەنزین دەهێنن بۆ هەرێمی كوردستان و لەو بڕوایەدا نیم بڕیارەكە كاریگەری ئەوتۆ لەسەر هەرێمی كوردستان دروست بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group