بەڕێوبەری ناحیەی ئەلقوش رەتیدەكاتەوە داوای گەڕانەوەی ناحیەكەی بۆ سەر هەرێم كردبێت

26/04/2019 عێراق

 

بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش رەتیكردەوە داوایەكی پێشكەش بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردبێت بۆ گەڕانەوەی ناحیەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ئەو لایەنانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوكردۆتەوە، بە شێواندن و دەستكاریكردنی لێدوانەكەی تۆمەتباری كردن.
لارا یوسف بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش بەسایتی ناسی راگەیاندووە: لە چاوپێكەوتنێكماندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای درێژكردنی دەستی یارمەتیمان لێكرد بۆ خزمەتكردنی دانیشتوانی ناحیەكە لە هەموو ڕویەكەوە، بەڵام داواكەم شێویندراوە و بەكارهێنراوە بۆ بەرژەوەندی و مەرامی سیاسی تایبەت”.
روونیشیكردەوە، لە هەموو دەرگایەك دەدەن بۆ خزمەتكردن و پێشكەشكردنی داخوازی ناحیەكەیان، و بەبەردەوامی وەفد و ڕێكخراوە و لایەنە سیاسیەكان سەردانیان دەكەن بۆ بەئاگابوون لە ڕەوش و گوزەرانی ئەو پێكهاتە ئاینی و ئیتنیانەی لە ناوچەكە دەژین و لە نزیكەوە لە جێگیركردنی ئارامی و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دەڕوانن.
ناحیەی ئەلقوش سەر بەقەزای تەلكیفە و 45 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە و بە ناوچەیەكی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی هەژمار دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group