پەرلەمانتارێكی خولی پێشوو: كەركوك لە بەردەم دوو پرسی زۆر هەستیاردایە

05/05/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، ئومێد دەكەین واژوو كردنی رێككەوتننامەكەی یەكێتی و پارتی ببێتە هۆكاری رێكخستنەوەی كارەكانی كورد لە كەركوك و بەغداو ناوچەكانی دیكەش.
محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئومێد دەكەین واژووكردنی رێككەوتننامەكەی یەكێتی و پارتی ببێتە هۆكاری یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و رێكخستنەوەی كارەكانمان لە كەركوك و لە بەغداو ناوچەكانی دیكەش.
وتیشی: "لە كەركوك لەبەردەم دوو پرۆسەی زۆر گرنگ و هەستیارداین كە یەكێكیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقەو ئەوی دیكەش پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێرییە لە ساڵی 2020، ئەوەش دوو پرسی نەتەوەییەو هەر لایەنێك كەمتەرخەمی هەبێت مێژوو رەحمی پێناكات".
راشیگەیاند، "ئەگەر لە رابردوو بەزۆر و بەرێگەی شەڕكردن كەركوكیان لێ سەندبین، ئەوا بەسەركەوتنیان لە دەنگدان و سەرژمێری كارەكانیان دەبێتە یاسایی و دەستوری و رەنگە ئەو سەر ژمێرییەش بۆ سەدان ساڵی دیكەی كاری پێبكرێت، لەئێستاشدا بە پلەی یەكەم یەكێتی و پارتی و دواتر لایەنەكانی دیكە بەرپرسن لە پرسی یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردو رێكخستنەوەی كارەكان".  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group