وەزارەتی كار بەهاوكاری رێكخراوی GIZ ناوی بێكاران تۆمار دەكات

05/05/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


وەزارەتی كار لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهاوكاری رێكخراوی GIZ فۆڕمێك بەسەر بێكاران دابەشدەكات بۆ دۆزینەوەی هەلی كارو، سەرۆكی تیمەكەش داوادەكات، هیچ كەسێك پارە نەدات لەبەرانبەر وەرگرتنی فۆڕمەكە چونكە ئەو فۆڕمانە هەژمار ناكرێت. 
دیاری حەمید سەرۆكی تیمی وەزارەتی كار لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ تۆماری ناوی بێكاران كە بە هاوكاری رێكخراوی GIZی ئەڵمانی  ئەنجامدەدرێت بە رادیۆ نەوای راگەیاند، وەكو وەزارەتی كار بەهاوكاری رێكخراوی GIZی ئەڵمانی پرۆژەیەكمان راگەیاندووە بۆ تۆماری ناوی سەرجەم بێكاران ئەوانەی تەمەنیان لە 18ساڵ بۆ 60 ساڵە، دەرچووی زانكۆبێت یاخود بڕوانامەی نەبێت جیاوازی نییە و تەنانەت بۆ ئەوكەسانەشی كە ئاوارەن جیاوازی نییە و ناوی تۆمار دەكرێت تاوەكو لە داهاتوو ئەگەر هەلێكی كار هەبوو ئاگادار بكرێنەوە.
باسی لەوەشكرد، تۆماركردنی ناوی بێكاران لە رێگەی فۆڕمێكەوە دەبێت ئەو فۆڕمەش دەدرێتە سەرجەم هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی و لەبەرانبەر وەرگرتنی فۆڕمەكەش هیچ بڕە پارەیەك وەرناگیرێت.
باسی لەوەشكرد، لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە كەسێك فۆڕمەكانی لەبەرانبەر بڕە پارەیەك كە 250 بۆ 500 دینار داوەتە هاووڵاتیان دوای ئاگادار كردنەوەمان ئێمە پێمان راگەیاندن ئەو فۆڕمانە ئەژمار ناكرێن، چونكە فۆڕمەكە بێ بەرامبەرەو ئەگەر كار بەو فۆڕمانە بكرێت دەبینە بەشێك لەوكەسانەی پارەكەیان وەرگرتووە، بەوهۆیەوە دواتر قائیمقامیەتی پارێزگای هەڵەبجەو پۆلیسی پارێزگاكەمان ئاگادار كردووەتەوەو ئێستا فۆڕمەكە لە ژێر چاودێری ئەوان دابەشدەكرێت.
دیاری حەمید سەرۆكی تیمی وەزارەتی كار لە سنوری پارێزگای بۆ تۆماری ناوی بێكاران كە بە هاوكاری رێكخراوی GIZی ئەڵمانی ئەنجامدەدرێت لە رێگەی رادیۆ نەواوە هاووڵاتیانیشی ئاگادار كردەوە، لە هەر شوێنێك لەبەرانبەر پێدانی فۆڕمی بێكاری پارە وەرگیرا راستەوخۆ تیمەكانمان ئاگادار بكەنەوە تاوەكو رێگە بەكارێكی لەوجۆرە نەدرێت و مافی هاووڵاتیانیش نەفەوتێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group