پەیامێكی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاودەكرێتەوە

06/05/2019

 

پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانی كراوی پەكەكە پەیامێكی بریگرتەكەیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا جەختی لەچارەسەركردننی ئاشتیانەی كێشەكانی توركیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردۆتەوە.
پارێزەرانی ئۆجەلان رایانگەیاند، رۆژی 2ی ئەم مانگە چوونەتە زیندانی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتووە و رۆژی دووشەممەش لە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ، پەیامەكەی سەرۆكی پەكەكەیان خوێندەوە.
ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا دەڵێت "سەرەتا پێویستە بزاندرێت كە ئەم دەقە نە دەقێكی دانوستاندنە و نە دەقێكی سازانە. بە شەقام رادەگەیێنم كە ئەم دۆخەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین پێویستی بە سازانە. بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە جەختلەسەركردنەوە دەبێ دووربین لە هەر جۆرە جەمسەرگیرییەك و پێویستمان بە دانوستاندنێكی دیموكراسیانەیە. دەتوانین كێشەكانی توركیا و ناوچەكە بە ئارامی چارەسەر بكەین، واتا بە عەقڵ و سیاسەت و هێزی كولتووری نەوەك بە شەڕ و بەكارهێنانی توندوتیژیی فیزیكی". 
لەبارەی قەیرانی سووریا و داهاتووی كورد لەو وڵاتە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت "لەو باوەڕەداین لە چوارچێوەی هێزە دیموكراسییەكانی سووریا، كێشەكانی سووریا بە شێوەیەك كە دوور بێت لە فەرهەنگی پێكدادان، هەروەها لە چوارچێوەی یەكێتیی سووریا و بە گرێنتیكرانی دەستووری سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و پێگەی هەنووكەیی سووریا و بە شێوەیەكی دیموكراسی گەیشتن بە چارەسەر بكرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا پێویستە هەستیاریی توركیا لەبەرچاو بگیردرێت".
لە ساڵی 2011، واتە ماوەی هەشت ساڵە رێگە بە پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەدراوە سەردانی زیندانی ئیمراڵی بكەن و زیاتر لە پێنج مانگیشە بەشێكی زۆر لە زیندانیانی سیاسی و چالاكوانانی كورد بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان لە مانگرتندان.

دەقی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

سەرەتا پێویستە بزاندرێت كە ئەم دەقە نە دەقێكی دانوستاندنە و نە دەقێكی سازانە. بە رایگشتی رادەگەیێنم كە ئەم دۆخەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین پێویستی بە سازانە. بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە جەختلەسەركردنەوە دەبێ دووربین لە هەر جۆرە جەمسەرگیرییەك و پێویستمان بە دانوستاندنێكی دیموكراسیانەیە. 

دەتوانین كێشەكانی توركیا و ناوچەكە بە ئارامی چارەسەر بكەین، واتا بە عەقڵ و سیاسەت و هێزی كولتووری نەوەك بە شەڕ و بەكارهێنانی تووندووتیژیی فیزیكی. لەو باوەڕەداین لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كێشەكانی سووریا بە شێوەیەك كە دووربێت لە فەرهەنگی پێكدادان، هەروەها لە چوارچێوەی یەكێتیی سووریا و بە گرێنتیكرانی دەستووری سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و پێگەی هەنووكەیی و بە شێوەیەكی دیموكراسی گەیشتن بە چارەسەر بكرێتە ئامانج. لەم نێوەندەدا پێویستە هەستیاریی توركیا لەبەرچاو بگیردرێت. 

لەگەڵ رێزگرتن لە خەباتی هەڤاڵان لە گرتووخانەكاندا، دەمانەوێ بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە نابێت زیان بە تەندروستییان بگەیەنن و خۆیان بگەیەننە خاڵێكی مەترسیداری وەها، كۆتاییەكەی مەرگ بێت. بۆ ئێمە سەلامەتیی هزری و جەستەیی و رۆحیی ئەوان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە. هەروەها لەو باوەڕەداین كە واتادارترین هەڵوێست پەیوەندیدارە بە پێشكەوتنی هزری و رۆحی. 

هەڵوێستی ئیمراڵیی ئێمە پێداگریكردن و بەردەوامبوونە لەسەر ئەو شێوازە دەربڕینەی لە راگەیێندراوی نەورۆزی 2013دا هەیە و بگرە بە شێوەیەكی فراوانتریش لەوە. بۆ ئێمە ئاشتییەكی شەرەفمەندانە و چارەسەری دیموكراسیانەی سیاسی بنەمان. رێز و سوپاسێكی زۆر بە قەرز دەزانین بۆ ئەوانەی بە تەنگ هەڵوێستی ئیمراڵییەوەن و هەڵسوێستیان هەیە.

عەبدوڵا ئەجەلان
هامیلی یڵدرم
عومەر هایریكۆنار
وەیسی ئاكتاش

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group